20 کوردستان

ئیدارەی خۆسەر: هەر پرۆژەیەک بۆ دابەشكردنی سوریا ڕەتدەكەینەوە

08:44 - 14/09/2025

زەمەن پرێس:

پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا جەخت دەکاتەوە، بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکانی سوریا لە داڕشتنی چارەسەردا گەرەنتی بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسيە و هەموو هەوڵێک بۆ دابەشکردنى سوریا ڕەتدەکەینەوە.
پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە بەیاننامەكدا رایگەیاند، وەسفکردنی بەشداری سیاسی و حوکمڕانی نا ناوەندێتی و داوای ئاشتەوایی نیشتمانی بە بانگەوازی جیابونەوە، وەسفێکە پێچەوانەی راستی و واقیعە، بە کردەوە دەبێتە هۆی زیادبونی دووبەرەکی لە نێوان سورییەکان نەک پتەوکردنی یەکڕیزییان.
وتیشی: قسەکردن لەسەر رێژەی دانیشتوان و جیاکردنەوەی پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە یەکتر، رێبازێکی هەڵەیەو هەڕەشە لە بنەماكانی پێکەوەژیانی هاوبەش دەکات و هەر ئەگەرێکی دووبارە بونیادنانەوەی متمانەش لەناو سورییەکان لەباردەبات.
پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر راشیدەگەیەنێت: باوەڕمان وایە، گفتوگۆی هەمەلایەنە و بەرپرسیارانە تاکە رێگایە بۆ دەستەبەرکردنی یەکڕیزی سوریاو پاراستنی داهاتووی، بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکانی سوریا لە داڕشتنی چارەسەردا، گەرەنتی راستەقینەی بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی، نا ناوەندی ودادپەروەرە کە رێز لە فرەیی بگرێت و مافەکانی هەموو هاوڵاتیانی خۆی دەستەبەر بکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن