"حزبی خۆشەویستی" لەلایەن ژنانی عێراقەوە دامەزرا
01:53 - 29/07/2025
زەمەن _ عێراقی
لە هەنگاوێکی مێژویی دا لە عێراق، بۆ یەکەمجار حیزبێکی سیاسیی تایبەت بە ژنان بە ناوی "حزب المودة" واتا (حیزبی خۆشەویستی) دامەزرا.
حیزبەكە لە شاری بەغداد راگەیەندراو یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی بەست..
کۆنگرەی دامەزراندنی حیزبەکە بە بەشدارییەکی بەرفراوانی ژنان و پیاوان بەڕێوەچو، بەشداربوانی کۆنگرەکە جەختیان لەوە کردەوە؛ حزبی المودة" دەبێتە سەکۆیەک بۆ بەهێزکردنی تواناکانی ژنان و بەشدارپێکردنیان لە ناوەندەکانی بڕیار دروستکردن دا.
حزبەکە لەلایەن جیهان عەبدوڵا تائی سەرۆکایەتی دەکرێت، لەبارەی دامەزراندنی حزبەکەوە، جیهان تائی دەڵێت، ئامانج لە دامەزراندنی حزبەکەیان یەکخستنی دەنگی ژنانی عێراقە بۆ بوونی رۆڵیان لە ژیانی سیاسی تاوەکو بتوانن بەشداری لە دروستکردنی بڕیاردا بکەن.
سەبارەت بە میکانیزمی دامەزراندن، تائی ئاشکرای کرد، کە دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ئامادەکاری، کۆنگرەی دامەزراندنیان بەستووە. هەرچەندە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت 2500 ئەندام پێویست بوون، بەڵام پێشوازییەکی زۆری لێ کراوە.
تائی دەڵێت: "تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەندامانمان 7000 کەسی تێپەڕاندووە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە خەڵک باوەڕی بە پارتەکانی ژنان هەیە. جێگەی سەرنجە کە ئێمە پشتگیرییەکی گەورەمان لەلایەن پیاوانیشەوە بینی."
بەپێی یاسای پارتەکانی عێراق، پارتی مەوەدە ناچار بووە رێژەیەک لە ئەندامەکانی بۆ پیاوان تەرخان بکات. ئەمینداری گشتیی پارتەکە رایگەیاند: "هەروەک چۆن لە پارتەکانی پیاواندا کۆتا بۆ ژنان هەیە (بە رێژەی چارەکێک)، لە پارتی ئێمەی ژنانیشدا مەرج بوو کە سێیەکی ئەندامان پیاو بن. ئێمە ئەم مەرجەمان قبووڵ کرد، چونکە پارتێک تەنیا بۆ یەک رەگەز نابێت."
جیهان تائی بە خەمبارییەوە وتی: "مۆڵەتەکەمان زیاتر لە دوو ساڵ دواکەوت. تاوەکو مۆڵەتمان وەرگرت، دەرگای بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا داخرابوو. هۆکارەکە ئێمە نەبووین، هۆکار رێکارەکان بوون. بۆیە ئێمە لە مافی خۆمان بۆ بەشداریکردن بێبەش بووین. بەڵام ئینشائەڵڵا بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەکەین."
پارتی مەوەدەی ژنان ئێستا تەنیا یەک بارەگای لە بەغدا هەیە، بەڵام پلانی هەیە بەپێی بنکەی جەماوەریی خۆی، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش نووسینگەکانی بکاتەوە.
تائی دەڵێت، بەشداریکردن لە هەرێمی کوردستانەوە تا ئێستا کەمە، بەڵام هیوادارە لە داهاتوودا ئەم رێژەیە زیاد بکات.