101 کوردستان

بەپەلە.. گەردونناسێک : كوردستان كەوتووەتە سەر هێڵی بوومەلەرزە و لە داهاتوودا روو دەدات

03:20 - 15/08/2026

زەمەن - هەواڵ

 

 گەردوونناسێكی دیاری كورد هۆشداریی دەدات كە هەڵكەوتەی جیۆگرافیی كوردستانی گەورە، بەتایبەت ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باكوری كوردستان، هاوشێوەی چەند ناوچەیەكی تری دنیا، كەوتوونەتە سەر ناوچەی چالاكیی بوومەلەرزە.

 لوقمان حەوێز شارەزای گەردوونناسی و زانستە سروشتییەكان ڕای گەیاند، بەهۆی هەڵكەوتەی جیۆگرافیی خاكی كوردستان، ڕوودانی بوومەلەرزە لەو ناوچەیە لە هەموو كاتێكدا ئەگەرێكی كراوە و پێشبینیكراوە، ئەو زانیارییەش بۆ دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ نییە، بەڵكو بۆ هۆشیاركردنەوە و ئامادەكاریی بەردەوامە.

 ئاماژەی بەوە كردووە، ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە بە دیوی باكور و خۆرهەڵاتی هێڵی بەیەكگەیشتنی پلێتە تەكتۆنییەكانی ژێرزەوی، بەهێزترە. كە بەدیاریكراوی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باكوری كوردستان دەگرێتەوە.
خاكی كوردستان كەوتووەتە ناوجەرگەی هێڵی بەیەكگەیشتن و دابڕانی پلێتی تەكتۆنی عەرەبی و پلێتی ئۆراسی شەقبوونی ناوچەی زاگرۆس، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باكوری كوردستان.

ئەو شارەزایە داوا دەكات لە بواری تەلارسازی و ئەندازیاری، دۆخەكە پێویستی بە ئامادەكاریی بنەڕەتی هەیە كە پێویستە ڕێنوێنی دروستكردنی باڵەخانە بەتەواوی ڕەچاو بكرێت، زیاتر كۆنكرێت و پێكهاتەی ئاسنی بارستە قورس لە كۆڵەگەكان بەكار بهێنرێت، لەگەڵ بەكارهێنانی كەرپووچ و تەنی سووك لە دروستكردنی دیوار، لەگەڵ پێشخستنی توانای تیمەكانی فریاگوزاری لەڕووی ئامێر، تەكنەلۆجیا و ڕاهێنانی كادران".

بەبڕوای ئەو شارەزای،  ئەمە مانای ئەوە نییە كە بەمزووانە بەشێوەیەكی مسۆگەر بوومەلەرزەیەكی بەهێز ڕوو دەدات، بەڵام ئەگەری ڕوودانی لەوانەیە چەندان ساڵ یان دەیەی تر 100% لە ئارادایە. بەتایبەتیش لە دیوی باكور و خۆرهەڵاتی هێڵی بەیەكگەیشتنەكەوە مەترسییەكە بەهێزترە، لەبەرئەوە پێویستیمان بە ئامادەكاریی بنەڕەتی هەیە، بەتایبەتی لە بواری ئەندازیاریی بیناسازی و بەهێزكردنی ڕێنوێنییەكان دروستكردنی باڵەخانەكان، لەگەڵ پێشخستنی تیمەكانی فریاگوزاری لە ڕووی ئامێر، تەكنەلۆجیا و كادری ڕاهێنراوەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن