کۆمپانیایەکی حەج و عومرە ١٥ هەزار دۆلاری خەڵکی بردووە
04:52 - 15/08/2026
زەمەن_هەواڵ
كۆمپانیایەكی حەج و عومرە، لە سلێمانی، بەناوی ڕێكخستنی گەشتی عومرە بڕی ١٥ هەزار دۆلاری هاووڵاتیان دەبات و خاوەنی كۆمپانیاكە خۆی ون كردووە، لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانی چەندین سكاڵای لەسەر تۆماركراوە.
ئەمڕۆ شەممە، ١٥ی ئابی ٢٠٢٦، عەباس خدر، بەڕێوەبەری نووسینگەی حەج و عومرە لە سلێمانی ڕایگەیاند: ئەو كۆمپانیایە بەناوی ڕێكخستنی گەشتی عومرە، نزیكەی ١٥ هەزار دۆلار (دەفتەر و نیوێك)ـی پارەی خەڵكی بردووە و ئێستا قوفڵ لە كۆمپانیاكە دراوە و خاوەنەكەشی مۆبایلەكەی داخستووە و خۆی ون كردووە و چەندین كەس سكاڵایان لەسەر كۆمپانیاكە تۆماركردووە، ئەوانیش سكاڵاكان بەرز دەكەنەوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو كەیسە كراوەتەوە".
بەڕێوەبەری نووسینگەی حەج و عومرە لە سلێمانی ڕوونی دەكاتەوە، ئێستا تاكە ڕێكار كە بتواندرێت بەرامبەر ئەو كۆمپانیایە بگیرێتە بەر ئەوەیە؛ هەر كۆمپانیایەكی حەج و عومرە لەكاتی دامەزراندنی، بڕی پێنج هەزار دۆلار وەكو دڵنیایی (تەئمینات) لە بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دادەنێت، لەكاتی سەرپێچیكردنی ڕێنماییەكان یاخود پابەندنەبوون بەو خزمەتگوزارییانەی كە پێویستە لە گەشتی عومرە پێشكەش بە عومرەكارانی بكات، ئەو لەو بڕە پارەیە مافی مافخوراوان دەگێڕدرێتەوە، هەرچەندە بڕی پارەكە زۆر لەو پارەیە كەمترە كە كۆمپانیاكە لە خەڵكی بردووە.