تێروبرسی لەسەر یەک سفرەدا؛ جیهانێکی پڕ لە خۆراک و خاڵی لە دادپەروەری
8/11/2026 5:44:00 PM
توانا ئەحمەد
چۆن رێگەی تێئەچێ جیهانێک کە پڕە لەخۆراک و خواردن، بەشێکی گیرۆدەی قەڵەوی و بەشەکەی تری بەدەست برسێتیەوە گرفتار بێ؟ ئەمە جیاکاریەکی رێکەوت و بەریئانە نییە، بەڵکو روی راستەقینە و ئابرو بەرانەی ئابوری جیهان و سیستمی خۆراکە، کە خواردن لە مافێکی ئینسانیەوە ئەکات بە کەلوپەل، لەکشتوکاڵ و چاندنەوە ئەیکات بە بازرگانیەکی بێ مۆڕاڵ، برسێتی ئەکاتە ئامرازی کەڵەکە کردنی قازانج و کۆکردنەوەی پارە، بەکورتی تۆ لە کڕیارێکی بەڕێزەوە ئەکات بە دیل و ژێردەستەی سەلیقەی سوپەرمارکێتەکان.
راج پاتێل لەمیانەی کتێبێکی مەترسیدار باس لەوە ئەکات کە ئێمە لەجیهانێکداین کە دوچاری کەمی خۆراک وخواردن نییە، بەڵکو نایەکسانی و ستەم لەرێگەی ژەمە خۆراکەوە بەدونیادا بڵاو ئەکاتەوە. هەندی کەس زۆر زیاتر لەوە ئەخۆن کە پێویستیانەو رۆژانە کێشی جەستەیان زیاد ئەکات و دوچاری جۆرەها نەخۆشی ئەبن، بەشەکەی تر نەدارو تەنانەت بایی ئەوەیان دەست ناکەوێ وەکو ئیسنان بژین، واتا جیهانێکە تیایدا برسێتی و تێری دو دەستەواژەو چەمکی دژ بەیەک نین، بگرە دو روی یەک سیستمی ئابوری دڵڕەقن کە کە پڕە لەخۆراک و خاڵیە لە دادپەروەری، لەکاتێکدا یەک ملیار کەس بەدەست برسێتی و نەبونیەوە ئەتلێنەوە، لەو لاشەوە زیاتر ملیار ێک کەسی تر بەدەست دەردی قەڵەویەوە گرفتارن، لەمێژوی دورودرێژی مرڤایەتیەوە هیچ کاتێک بە ئەندازەی ئێستا خۆراک و بەروبومی جیاجیا بەرهەم نەهێندراوە، هیچ کاتێکیش بەقەد ئێستا جیهان بەو پەردە تاریکەی برسێتی و نەداریەوە دانەپۆشراوە.
ستراتیژێکی سیاسی و ئابوری لەپشت ئەو دابەشبونە ئابروبەرانەیە وەستاوە کە تیایدا جوتیارو بەکاربەران پەراوێزخراون و ژمارەیەکی کەمی کۆمپانیا تیادا باڵادەستن، کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک بەجۆرێک دیزاین کراوە کە جوتیاری بچوک و خۆماڵی مایەپوچ ئەکات( لەهەر دۆلارێک کە بۆ بەروبومی کشتوکاڵی خەرج ئەکرێ تەنها ١٠ سەنت ئەگات بە جوتیارەکان) و بەکاربەر ئەکاتە دیلی بازاڕ و کۆمپانیاکانیش دەوڵەمەند ئەکات، میکانیزمەکە وەکو کاتژمێرێکی لمین ئیش ئەکات، ملیۆنان جوتیار لەسەرەوە خەریکی کشتوکاڵ و رەنێوهێنانی بەرهەمن، لەخوارەوەش ٨ ملیار کەس هەن کە بەرهەمەکان ئەکڕن. بەڵام لەو ناوەڕاستەدا ژمارەیەکی زۆر کەمی کۆمپانیای ناوەندگیر هەن کە هەمو پرۆسەکەیان کۆنترۆل کردوە، بەسیستمێک بازاڕەکە بەڕێوە ئەبەن( بەهەزان بیکڕەو بە گران بیفرۆشەوە) تاوای لێهاتوە زۆرو زەوەندی بەرهەم و خزمەتگوزاریەکانی گۆڕیوە بۆ دەگمەنی، سوپەرمارکێتەکان بازاڕێکی ئەفسوناوین بەجۆرێک ئەوە نافرۆشن کە ئێمە پێویستمان پێیەتی بەڵکو لەوە گرنگتر جۆری زەوق و سەلیقەی کڕیار دروست ئەکەن کە دواجار تۆناچار بەوە ئەکات کە شتەکان بەدەگمەن ببینیت و ئەوە بکڕیت کە بازاڕ ئەیسەپێنێ نەک خۆت پێویستت پێیەتی، ئەو هەستەت لادروست ئەکەن کە تۆ لەبەردەم رەفەی سوپەرمارکێتەکاندا کەپڕن لەجۆرەها خواردنی سەرنج راکێش، ئازادیت، بەڵام لەراستیدا ئەوە وەهمێکی گەورەیە نەک ئازادی، ئەوەی لەسەر ئەو رەفانە سەرنج و سەلیقەی تۆ ئەبات بەرهەمەکان نیین، بەڵکو ئەو وهمەیە کە کۆمپانیاکان وەکو راستی پێت ئەفرۆشن.
ئەم جیهانە لەسەر ستراتیژێک کار ئەکات خوارن هەرزان بێ بەئەندازەیەک رێگە بەوە بدات کەسانی هەژار و نەدار ژیان بکەن، بەڵام قازانجێکی بێشومار بڕژێنێتە گیرفانی کۆمپانیاکان، بۆئەوەی ئەو قازانجە مسۆگەر بێت، پێویستە خۆراکیکی چارەسەر کراو و دەستکاری کراو بەرهەمبهێنن کە توانای هەبێ خەڵک بەخۆیەوە ئاڵودە بکات و خوی پێوە بگرێ، بۆ ئەوەی زۆرترین بڕی بەکار ببرێت، سەرەنجام ئەو خواردنە خێراو دەسکاری کراوە وەکو جۆرێک لە ژەهر ئەچێتە جەستەوە کە سەرئەکێشێ بۆ قەیرانی سیستمی تەندروستی کە دواشت سەرچاوەی قازانجێکی بێشوماری کۆمپانیا گەورەکانی بواری خواردن و تەندروستیە. ئێستا دۆخەکە بە خاڵێک گەیشتوە، قازانج بەخشترین جۆری خواردن ئەوەیە کە بە باشترین شێوە جەستە وێران ئەکات، بۆ نمونە لە ئەمریکا ساڵانە ترلیۆنێک دۆلار بۆ خۆراک خەرج ئەکرێ هەر دۆلارێک کە بۆ خواردن سەرف ئەکرێ. ئەبێ دۆلارێکی تریش بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشیە تەرخان بکرێ کەبەهۆی ئەو خۆراکە توش ئەبێ لەپاڵ ئەوەش دۆلارێکی تریش پێویستە بۆ بۆ پاککردنەوەی ژینگە لەئاسەواری ئەو خۆراکە زیان بەخشە، واتا بودجەی ساڵانەی ئەو خواردنە ئاڵودەیە لە وڵاتی ئەمریکا ٣ ترلیۆن دۆلارە، ئەو کۆمپانیا باڵادەستانە خواردنیان لە مافیکی خۆڕسکەوە گۆڕیوە بۆ ئاڵودەبون بە تایپێکی دیاریکراو، کەهەم هەرزانە، هەم ئاڵودەکاریشە.
ئەم سیستمە خۆراکیە تازەیە تەنیا لەبواری ئابوریدا کارناکات بگرە ئەپەڕێتەوە بۆ ئاستی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی، بەجۆرێک دوبارە لەئاستی کۆمەڵایەتی ئەم جیهانە دابەشبوە جارێکی تر لەسەر بنەمای کەسی برسی و تێر بەرهەمهێناوەتەوە، لەو سەردەمەدا سایکۆلۆژیای کەسی تێر تەنیا بونی سفرەیەکی پڕ و جۆراوجۆری خواردن نییە، بگرە تەکنیکی خۆنمایشکردن و جیاکردنەوەیە لەوانی دیکە، کەسی تێر خۆی لەرێگای بەدەستهێنانی شتی زیاتر، کرینی زیاتر جارێک خۆی لەوانی تر جیا ئەکاتەوە ، لە ئاستی سایکۆلۆژیش قەرەبوی ترسی لە دەستچون و زەرەرئەکاتەوە، واتا کەسی تێر تەنیا کەسێکی خاوەن خوان و سفرەیەکی رازاوە نییە، بەڵکو بەکاربەرێکی خۆپەرستەو لەرێگای بەکاربردن و خەرجی زۆرەوە ئەیەوێ کەسی برسی نابوت نیشان بدا. لەو سەریشەوە کەسایەتی برسیش تەنیا برسی سفرەو خۆراک نییە، تەنیا لەسەر خوانێکی بەتاڵ نییە، لەوە زیاتر تینوی دادپەروەری و مامەڵەیەکی ئینسانیە، بۆیە ئەو خواردنەی رۆژانە فڕێئەدرێ چەندین ئەوەندەی تێرکردنی سەرجەم برسیەکانی جیهانە، بەڵام رێگە بەوە نادرێ ئەو خواردنە زیادەیە چارەسەری بێ نانی ئەوانی دیکە بکات.
خواردن ئێستا بەرونی دەربڕی لە دیوی ستەمکارانەی سیستمی سەرمایەداری ئەکات کە برسیکردن وەکو پەیژەی قەبەکردنی قازانج بەکار ئەبات کە بەیەکەوە کەسانی برسی و تێر ئەکاتە قوربانی، دەردی قەڵەوی، شەکرە، دڵ و پەرەسەندنی شێرپەنجە دەرەنجامی ئەو پیشەسازیە ئەهریمەنیەی بواری خۆراکن، کەلەگەڵ خۆی ژینگەش دوچاری وێرانکاری ئەبات.
رەنگە زیادەڕەوی نەبێ گەر بڵێین لۆگۆی ئەم سەردەمە مۆبایل یان ئۆتۆمبێل یان تاوەرە بەرزەکان نیین، بەڵکو مریشکە، ئەو باڵدارە نەگبەتییە کێویەی سەرمایەداری کردویەتی بە باڵندەیەکی دەستەمۆی قەڵەو و خاوەن سنگێکی پان کە ساڵانە زیاتر لە 80 ملیاریان سەر ئەبڕێن.
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ( برسی تێرەکان، جەنگێکی پەنهان لەپێناوی سیستمی خۆراکی جیهان) لە نوسینی راج پاتێل