سەرۆکایەتی کۆمار لەبارەی هێرشە درۆنییەکانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە
09:49 - 15/07/2025
زەمەن
پرێس:
سەرۆکایەتی
کۆماری عێراق، بەئامانجکردنی کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە لە هەولێر و سەرسەنگ لە
دهۆک و هەروەها ناوچەکانی دیکەی شەرمەزار کرد و بە مەترسی ناوبرد.
ئەمڕۆ
سێشەمە ١٥ـی تەمووزی ٢٠٢٥، سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند،
دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە ئاشکرایانە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەکات و
بناغەکانی ئابووری لاواز دەکات و نوێنەرایەتی بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییە
گشتیەکانی دەوڵەت و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هاوڵاتییان دەکات.
ئەوەشی
ڕاگەیاند، “ئەمە پێویستی بە هەوڵی زیاترە بۆ پاراستنی ئاسانکارییە ئابوورییەکانمان
و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان بۆ ئەوەی لە وڵاتدا
کاربکەن”.
هاوکات
سەرۆکایەتی کۆمار داوا لە دەزگا ئەمنییەکانی پەیوەندیدار لە حکومەتی فیدڕاڵی و
هەرێم دەکات، ڕێوشوێنی گونجاو و بەپەلە بگرنەبەر بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران و
ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشە تیرۆریستییانە، کە مەترسی لەسەر
ئابووری عێراق و ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتییانی درووست دەکەن.