خێمەی مامۆستایانی ناڕازی کەرکوک بەفشاری هێزێکی ئەمنی لابرا
04:55 - 15/07/2025
زەمەن _ کەرکوک
لەپاش زیاد لە شەش کاتژمێر لە دانانی خێمەی ناڕەزایی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی خوێندنی کوردی لە کەرکوک، هێزێکی ئەمنی چوونە شوێنەکە و بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت خێمەکەیان لابرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٥، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی خوێندنی کوردی کەرکوک لە بەردەم نووسینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کەرکوک، خێمەی ناڕەزایەتییان هەڵدا و مانگرتنیان راگەیاند، لەپاش نزیکەی شەش کاتژمێر هێزێکی ئەمنی بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت، خێمەکەی لادا و هێزە ئەمنییەکە پێی راگەیاندوون فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام دووپاتیدەکەنەوە، کە بەردەوام دەبن لە ناڕەزایی دەربڕین و خێمە لابردن رایانگانرێت.
هەروەها، هێزە ئەمنییەکەی عێراق بە مامۆستایانی راگەیاندووە، هەرکات مۆڵەتیان هەبوو دەتوانن خێمە هەڵبدەن، بەڵام بەمجۆرەی ئێستا کە مۆڵەتیان نییە بوونەتە مەترسی و بێزارکردنی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی رایانگەیاند؛ ئامانجیان لەدانانی ئەم خێوەتە ئەوەیە "ئەم هەنگاوەیان ببێتە فشار بەسەر حکومەتی عێراق تاوەکو سزای مووچەخۆران نەدات، بەڵکو لێپێچینەوە لە کۆمپانیا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت کە هۆکاری کێشەکەن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق".
مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازیی خوێندنی کوردی ئاماژەیان بەوەشداوە، ١٠ ساڵە کێشەی مووچەیان هەیە، چەندینجار چوونەتە هەولێر و بەغداد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان کە سەرەکیترین داواکارییان بەهۆی ئەم قەیرانی داراییەی ئێستا، پێدان و دابەشکردنی مووچەیە، لەکاتێکدا پێشتر داواکارییان گواستنەوەی راژە بوو لە هەرێمی کوردستانەوە بۆسەر حکومەتی عێراق.