پلەکانی گەرما پێنج پلە دادەبەزیت
02:06 - 30/06/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
کەشناسیی ڕایگەیاند: پلەکانی گەرما زیاتر لە شەش پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە و خێرایی با زیاد دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسیی و بومەلەرزەزانی هەرێم کەشی ٤٨ کاتژمێری بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ بوونى تۆزێکى سوک لە هەوادا، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە ئەگەری چالاکبوونی خێرایی با هەیە تاوەکو کاتەکانی ئێوارە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ خێرایی با زیاد دەکات و بەگشتی لەنێوان ١٥ بۆ ٢٥ کیلۆمەتر دەبێت لە سەعاتێکدا، هەندێک جاریش دەگاتە سەروو ٣٠ کیلۆمەتر و پلەکانی گەرما 4 بۆ 5 پلەی سیلیزی دادەبەزن.
لەبارەی کەشی سبەی سێشەممەوە، کەشناسی دەڵێت: ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵ لە کاتەکانی بەیانی زوو لە زۆربەی ناوچەکان، پاشان بۆ کاتەکانی نیوەڕۆ کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت، پلەکانی گەرما بە هەمان شێوەی ئەمڕۆ ١ بۆ ٣ پلەی سیلیزی دادەبەزن.
پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ بەمجۆرە دەبن:
هەولێر: 38 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 35 پلەی سیلیزی
دهۆک: 36 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 38 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 37 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە:35 پلەی سیلیزی
سۆران: 35 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 27 پلەی سیلیزی
گەرمیان:39 پلەی سیلیزی