تەندروستی هەرێم هەواڵی گیانلەدەستدانی هاوڵاتیەک بە ژیری دەستکرد رەتدەکاتەوە
09:48 - 17/06/2025
زەمەن پرێس:
وەزارەتی
تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هەواڵی
گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەک بەهۆی ژیری دەستکردەوە دوورە لە راستیەوە، پێویستە راگەیاندنەکان
پێش بڵاوکردنەوەی لەم جۆرە هەواڵانە، لەگەڵ لایەنی فەرمی بەدواداچوون بکەن.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە
راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێك لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان
لە ماوەی رابردوودا، کە گوایە هاوڵاتیەك بەهۆی بەكارهێنانی ژیری دەستكردەوە
گیانیلەدەستداوە، وەزارەتەکە بەدواداچوونی تەواوی
بۆ بابەتەكە كردووە و زانیاری تەواوی لە كەسە نزیكەكانی كۆچكردوو و نەخۆشخانەکە
وەرگرتووە.
ئاماژەى
بەوەشکردوە، لە دەرئەنجامەکاندا دەرکەوتووە کە ئەم هەواڵە راست نییە، بەڵکو چەندین
راگەیاندن و پەیجی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنی فەرمی کە وەزارەتی
تەندروستییە، ئەو هەواڵە ناڕاستەیان بڵاوکردووەتەوە.
هەروەها، رۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، ئێـن ئـاڕ تـی ئەم دەنگۆیەی
رەتکردووەتەوە و دوای وەرگرتنی لێدوان لە کەسوکاری کۆچکردوو لە پێگەی ئەلیکترۆنی و
تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیدا بڵاویکردەوە کە هەواڵەکە دوورە لە راستیەوە.
وەزارەتی
تەندرووستی دەشڵێت: پێویستە هاوڵاتیان هیچ دەرمانێك یان پێداویستییەکی پزیشکی بەبێ
راوێژی پزیشك بەکارنەهێنن و دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی هەر دەرمانێک کە لە
شوێنێکی فەرمییەوە نەهاتبێت.
وەزارەتەکە داوا لە هاوڵاتیان دەکات، نەکەونە ژێر کاریگەری رێکلامەکانی ئۆنلاین و
تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کە زۆرجا لەو رێگەیەوە بەبێ مۆڵەتی پزیشکی دەرمانی نایاسایی
دەفرۆشرێت.
هاوکات
وەزارەتى تەندرووستى ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووی پزیشکیەوە ئامڕازی زیرەکی دەستکرد
بەبێ پشکنینی پزیشکی و بینین و راوێژی پزیشکی، هەڵەی پزیشکی لێ دەکەوێتەوە.
ئەوەشی
خستەڕوو، راگەیاندنەکان و پەیجەکان پێویستە لەگەڵ لایەنی فەرمی بەدواداچوون بکەن
پێش بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە.