گواستنەوەی ڕاستیی نەک پڕوپاگەندە
6/17/2025 1:41:00 PM
ئەرسەلان رەحمان
دامودەزگای ڕاگەیاندن بەر لە هەر شتێک پێویستی بە تەبەنیکردنی گوتاری عەقڵانی هەیە، خوێندنەوە بۆ ڕووداو و پێشهاتەکان، حاڵەت و دیاردەکان، کارەسات و پرسە سیاسی، ئابووری، ئەمنی، ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان پێویستە عەقڵانی و واقیعیانە بێت، لە پاڵ خستنەڕوودا، میدیا ئەرکی سەرەکی خۆی لە تێگەیاندن و پێگەیاندنی کۆمەڵگە جێبەجێ بکات.
لە ڕووماڵی شەڕدا، گرنگە جیاوازی لە نێوان زانیاری و پڕوپاگەندە لە لایەک و زانیاری و درووشم لە لایەکی دیکەوە بکرێت. وەرگر پێویستی بە زانیارییە، نەک پڕوپاگەندەی لایەنی بەشەڕهاتووەکان و دروشمەکانیان.
ئەمەش بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی هاوسەنگ لە بارەی ڕووداوەکان لای وەرگر درووست بێت و بتوانێت بە دیدگایەکی لۆژیکی و عەقڵانی و لەسەر بنەمای زانیاری درووست بڕوانێتە ڕووداوەکان.
کۆپی و پەیستکردن، بڵاوکردنەوە بە بێ چێک کردنەوە و دڵنیابوونەوە، هەروەها پشت بەستن بە سەرچاوەی نەناسراو و ناپیشەیی و بڵاوکردنەوەی هەرچی دێتە بەرچاوان لە گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کارێکە پێچەوانەی پیشەییبوونە، چونکە لە پاڵ هەر زانیارییەکدا دەیان دیمەن و گرتە و زانیاری چەواشەکراو و ساختە تێدەپەڕن و بڵاودەبنەوە.
سەنگەرگرتن و چوونە نێو سەنگەری لایەنە بەشەڕهاتووەکان، سەردەکێشێت بۆ چەواشەکردنی وەرگر و دەستخەڕۆکردن و چاندنی وەهم و سەرەنجامیش تێگەیشتنی نالەبار لە بارەی ڕاستەقینە دێنێتە ئاراوە، کە ڕایگشتیی پەرتەوازە و بەشبەش دەکات و کۆمەڵگە بەرەو لێکترازانی زیهنی گەورە دەبات، ئەمە جگە لە ژاوەژاو و سازاندنی وێنای چەواشەکراو و تێکدانی ئاسایشیی دەروونی تاک و کۆمەڵگە.