8وتار

ترەمپ حەزی لە گەمە نییە، تاران چۆڵ بکەن!!

6/17/2025 2:41:00 PM
غازی حەسەن

دوای چوار ڕۆژ لە شەڕە مووشەک و کوشتنی بەرپرسە ئێرانییەکان لەنێو تاران و بەئامانجگرتنی شوێنە ستراتیژییەکان و لێدانی بنکەی ئەتۆمی ئێران، هێرشی پێچەوانەی ئێران دژی ئیسرائیل، دوای چوار ڕۆژ قسەکردن لەسەر چارەسەری دیپلۆماسی، ئەمڕۆ دووشەممە لەپڕ و لەناکاو (دۆنالد ترەمپ) لە پێگەی تایبەتی خۆی کورترین و ڕاشکاوانەترین و هەڕەشەئامێزترین گوتاری چەند وشەیی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئێران دەبووایە ڕێککەوتنی مۆر بکردبایە، نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چەند جارێک دووبارەمان کردۆتەوە. هەموو تاران بەخێرایی چۆڵ بکەن". 

ئەم گوتارە لەناکاوەی (ترەمپ) خەریکە هەموو شتێک پێچەوانە دەکاتەوە، چەند گوتارەکە تەنیا چەند وشەیەکە، بەڵام وەکو ئەتۆم وایە، دوور نییە هەموو ئێران بهەژێنێت، قسەی سەرۆکی ئەمەریکا وەکو (کردار و بڕیار و حووکم) وایە، هەر تەنیا (گێرانەوە و هەوال و ئاگادارکردنەوە و ئاشکراکردنی شتە نهێنییەکان نییە). ئەمەریکا ڕاشکاوانە و پێشتریش بە پێداگرییەوە داوایان لە ئێران کرد ڕێککەوتن بکەن، ئەگەر نا شتێک دەقەومێت پێشبینیان نەکردبێت.

بەپێی شیکاری پراگماتیکی بۆ قسە و هەڵوێست و بڕیاری سەرۆکێکی پراگماتیکی وەکو (ترەمپ) ئەم گوتارە کورتە چەند پەیڤییە هێندە هێز دەداتە ڕووداو  و کاردانەوەکان، کە دەسەڵاتی وڵاتێکی وەکو ئێران بهەژێنێت، کە دوای کەوتنی قەڵایەکانی دیکە لەدەرەوەی وڵات، هەنووکە لەدواین قەڵای بەرگی لەنێوەخۆی دایە، نەک هێرش و پیشڕەوی. ڕووداوەکان، گوتارەکەی (ترەمپ) بەشێوەیەکە، لەوە دەچێت سەرەتای ڕووداوی گەورە و ناوچەهەژێن دەستی پێکردبێت. ئیدی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی نوێی دەست پێ بکات.

ئێمە دەزانین (ترەمپ) حەز لە گەمە و کات کوشتن ناکات، نایەوێت زۆر کات بە گفتوگۆ بکوژێت، ئەو خێرا بڕیار دەدات و پێگەی سۆشیال میدیا بە پێگەی سەرەکی بڕیارەکانی خۆی دەزانێت، بۆیە ئەم قسانەی هەنووکەی، کە ئێوارەی  ١٦ حووزەیرانی ٢٠٢٥ بەکاتی واشنتن کردوویەتی،  سیاسەتی نوێی ئەمەریکایە، دوور نییە پەیوەندی بە کۆبوونەوەی دوێنێ  و خۆئامادەکردن بۆ کۆبوونەوەی دادێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا و بڕیایر ستراتژییەوە هەبێت، ئەمڤ گوتارە تووند و نوێێە لەکاتێکدایە ئەمەریکا هێزی نوێ و کەشتی فڕۆکەهەڵگری نوێی بۆ ڕۆژهەڵات جووڵاندووە. 

جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێژێت : "چەندجارێک بە ئێرانم گووت و لێم دووبارەکردنەوە، ئینجا داوای چؤڵکردنی تارانی پایتەختی ئێران" بە چەند مانایەک دێت:

یەکەم: هێرشی یەکجار تووند و بەهێزی سەربازیی و دوور نییە لە بنکەی ئەتۆمی بدەن بەشێوەیەک هێرشەکە ئەنجام بدرێت، ببێتە مایەی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان و تاران بسووتێنێت.

دووەم: کۆتایی دەسەڵات و حووکمڕانی هەنووکە بێت.

سێیەم: شەڕێکی دەروونی و دیپلۆماسی بێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی مەلایەکانی تاران وا لێ بکەن، مەمنوون بن بە مانەوەیەکی شەرمەزارانە.

چوارەم: واتە دۆخەکە یەکجار شڕە، کاتی بیرکردنەوە و خۆئامادەکردنی تێدا نەماوە، دەبێت یەکلایی ببێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن