158 کوردستان

بەپەلە.. دادگەی فیدراڵی هاوسۆزە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان

02:18 - 15/06/2025

زەمەن:-

 

 بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ڕایگەیاند:  لە کۆبوونەوەی دوێنێدا سەرۆککۆمار و سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق هاوڕا بوون لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و دوورخستنەوەی ئەو پرسە لە کێشە سیاسییەکان.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بەرپرسێک لە سەرۆکایەتیی کۆمار ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و دادوەر جاسم محەممەد عەبوود ئەلعەمێری، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، کە رۆژی شەممە لە بەغدا کۆبوونەوە، ئاشکراکرد و دەڵێت بۆ تاوتوێکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بووە.

هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەدا،  "بەهۆی حەجەوە تاوەکو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵیی کۆنەبووەتەوە" ، بڕیاربوو بۆ دەرکردنی فەرمانسالارییەک لەبارەی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دادگای فیدراڵیی "بە زووترین کات" کۆببێتەوە، بەڵام لەپێش جەژنەوە تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە نەکراوە.

هاوڕێ تۆفیق، کە خۆی لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ بەشداربووە، ئاشکرایکرد، "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چەند باسێک، یەکێکیان تایبەت بوو بە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆمار رایگەیاند کە دۆخی مووچەخۆران خراپە و دەبێت کێشەکە چارەسەر بکرێت، چونکە مووچەخۆر پەیوەندی بە کێشەی سیاسیی حکومەتەکانەوە نییە".

بەوتەی هاوڕێ تۆفیق، سەرۆکی دادگای فیدراڵیی وتوویەتی: "مووچە بابەتێکی دینیی، ئەخلاقی و مرۆییە، مووچە مافێکی دەستوورییە و ئێمە پێشتر لە بارەیەوە بڕیاری خۆمان داوە، بەڵام هەرێمی کوردستانیش ئەرکی لەسەرشانە بە چارەسەرکردنی بابەتی نەوت و رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و بەشێوەکەی گشتیی ئەوان هاوسۆزن بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی دەنێن".

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا سەرۆککۆمار و سەرۆکی دادگای فیدراڵیی وتوویانە، "دەبێت" کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و "هەڵوێستی دادگای فیدراڵی لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندایە" 

هاوکات، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا "سەرۆککۆمار داوای کرد مووچەی خەڵک نابێت تێکەڵی سیاسەت بکرێت و سەرۆکی دادگای فیدراڵیش هەمان بۆ چوونی هەبوو"، ئەمەش بە گوتەی هاوڕێ تۆفیق کە بەشداربووە لە کۆبوونەکە. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن