١٠ پاسەوانی سنووری ئێران کوژران
04:35 - 10/06/2025
زەمەن _ هەواڵ
ئاژانسی تەسنیمی ئێران هەواڵی کوژرانی ١٠ سەربازی هێزی پاسەوانیی سنوور لە پارێزگای سیستان و بەلوجستان بڵاو کردەوە.
ئەمڕۆ سیشەممە، ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئاژانسی تەسنیمی ئێران، لە زاری فەرماندەیی پۆلیسی ئێرانەوە بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی شەممە، ٧ی حوزەیران، لە لایەن دانیشتووانی شارۆچکەی تەفتان لە پارێزگای سیستان و بەلوجستانەوە پەیوەندییان پێوە کراوە و لە بوونی ژمارەیەک چەکدار لە نزیک شارۆچکەکە ئاگادار کراونەتەوە. دوو مەفرەزەی پاسەوانانی سنوور بۆ ڕاوەدوونانی چەکدارەکان نیردران، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیاندا کەوتوونەتە بۆسەی چەکدارەکان و لە ئەنجامدا 10 سەرباز کوژراون.
ئاماژەی بەوەشداوە،دوای شەڕ و پێکدادانەکە، چەکدارەکان ناوچەکەیان جێ هێشتووە، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لە بارەی کوژراو و بریندارانی چەکدارەکان بزانرێت، هەروەها هیچ گروپێکی چەکداریی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاندووە.
لە سنووری پارێزگای سیستان و بەلوجستان گرووپی جەیشو لعەدل، ڕإێکخستنێکی چەکداری بەرهەڵستکاری ئێرانن و بەردەوام لە ناوچە سنوورییەکان ڕووبەڕووی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبنەوە.