عێراق وەک حەوشەی پشتەوەی جیۆستراتیژی ئێرانی!
6/12/2025 1:58:00 PM
هونەر حاجی جاسم
دەسەلاتی سیاسی ئێستای عێراق و حەشدی شەعبی، وەکو حەوشەی پشتەوەی سیاسی و ئەمنی و سەربازین بۆ ئێران. بە لێدان لەم خالە ستراتیژیە، ئێران توشی ئیفلجی ئابووری و جیۆستراتیژی دەکات. ئەگەر ڕاستەوخۆش هێرش بکرێتە سەر ناوەخۆی ئێران ئەوە دۆخی تەواوی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ڕووبەرووی قەیرانێکی گەورە ئەمنی و پێکدادانی سیاسی و سەربازی و وزە دەبێتەوە! لە هەردووک پێکدادان عێراقیەکان و هەرێمی کوردستان باجێکی قوورس دەدەن، چونکە دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابووری، قەیرانی ئاو و خۆراک لە عێراق ناتوانێت بەرگەی ئەم بەر یەکەوتنە بگرێت و دۆخەکە بە تەواوی تێکدەچێت!
کاتێک دەلێین بۆ کورد زیان دەبێت، مەبەست لەوەیە کە سیناریۆکانی دوای ئەم بەر یەکەوتنە زیانیان بۆ کورد دەبێت، بە هاتنەوە و گەشەکردنی سوونەکان، هیچ زەمانتێک نیە کە کورد کێشە سنووریەکانی لەگەل سوونە بەرەو چارەسەر بچێت، یانیش ئێران دەست نەوشێنێت لە هەرێمی کوردستان، یانیش بەغدا بەتەواوی فشار نەخاتە سەر هەرێم. بۆیە شەرکردن و تێکچوونی دۆخەکە لەم قۆناغە بۆ هەرێمی کوردستان سوودی نابێت، بەلکو زیانەکانی زۆر زیاترن!