سەری بەرز بۆ مووچە نەوی ناکەین!
6/11/2025 2:57:00 PM
ئاریز عەبدوڵا
کاتێك ١٩٩١ رژێمی بەعس لە بەشێك لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان کشایەوە و مووچەی فەرمانبەران و مافە داراییەکانی خەڵکی بڕی. لەبەرمبەر ئەو بڕیارە ستەمکارانە دروشمێك بەرزکرایەوە ( سەری بەرز بۆ مووچە نەوی ناکەین) هەر ئەوەندە نا، بەڵکو مامۆستایان و فەرمانبەران چوونەوە سەر کارەکانی خۆیان و لە جاران باشتر ئەرکی سەرشانیان لە پێناوی گەل و نیشتمان جێبەجێ کرد.
دەزانن ئەو هەلوێستە بۆچی؟
چونکە گەلی کوردستان بە گشتی دژی ستەمە و لە سەرکردایەتیەکەشیان دڵنیابوون، بۆیە بە یەكریزی و خۆڕاگری سەرکەوتین.
ئێستاش بەغدا مووچەی فەرمانبەر و کارمەندانی نەناردوە، بەڵام هەڵوێستی خەڵکی جیاوازە!
دەزانن بۆچی؟
چونکە ئێستا خەڵکی لە دەسەڵاتداران دڵنیانین و گەندەڵی و نادادپەروەریەکی وەها دەبینن، کە زەمینەی ئەو یەک هەڵوێست و خۆڕاگریەی ئەو سەردەمی لەبار بردووە. هەرچەند دڵنیام هەموو خەڵکی کوردستان دژی بڕیاری بڕینی مووچەی فەرمانبەرانە لە لایەن بەغداوە، بەڵام بەم شێوەیە یەک هەڵوێستی لەگەڵ دەسەڵات ئاسان نییە.
ئێستا تۆپەکە لای دەسەڵاتدارانە، کە هەنگاوی وا بنێن متمانەی خەڵکی بۆ خۆیان بگێڕنەوە، دەنا بارودۆخەکە لە بەرژەوەندیی نییە.
ئەرکی دەسەڵات دۆزینەوەی ڕێگا چارەیە نەک گلەیی و گازاندە.