134 عیراق

ئەنجومەنى وەزیران کۆبۆوە و وەزیرەکانى پارتى بایکۆتیان کرد

07:35 - 12/06/2025

زەمەنە پرێس
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی هەبوو، بۆ جاری دووەم تیمی وەزاری پارتی بایكۆتی كۆبوونەوەكەی كردووە، بەڵام تیمی یەكێتیی بەشدارە.
تیمی پارتی پێكهاتووە لە هەریەكە لە (فوئاد حسێن) جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، هەروەها (بەنگین رێكانی) وەزیری ئاوەدانكردنەوە؛ فوئاد حسێن كە بەرزترین پۆستی حكومی كوردی لە بەغداد بەدەستەوەیە، ئەمڕۆ لە هەولێر بووەو بەشداری پرسەی (كەریم شنگالی) كردووە.
لەپرسی راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە، پارتی و یەكێتیی و لایەنە كوردییەكانی تر لە بەغداد هاوڕا نین.
 محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بەر لە جەژن رەتیكردەوە ئەم بابەتە بخاتە ناو كۆبوونەوەی حكومەت؛ ئێستا هەم حكومەتی فیدراڵ و هەم حكومەتی هەرێم چاوەڕیی ئەوەن لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا دادگای باڵای فیدراڵی بڕیار لەسەر سكاڵای فەرمانبەرانی هەرێم بدات و بابەتەكە بەلادا بخات.
 سكاڵایەك كە تێیدا داوای ئەوە لە دادگا كراوە فەرمانسالارییەك دەربكات و بەگوێرەی ئەو فەرمانە بڕیاری تەیف سامی وەزیری دارایی رابگرێت كە دەڵێ پشكی هەرێم بۆ بودجەی سێ ساڵە كۆتایی هاتووەو بۆ هەشت مانگی ئەمساڵ ئیتر پارەی موچە بۆ كورستان نانێرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن