دوو ملیۆن حاجی ئەمڕۆ دەچنە سەر کێوی عەرەفە
02:09 - 05/06/2025
زەمەن - جیهانی
وەزیری تەندروستیی سعودیە رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکانیان بۆ پێشوازیی لە زیاتر لە دوو ملیۆن حاجی لەسەر کێوی عەرەفە تەواوکردووە.
فەهد جەلال داوایکرد هەر حاجییەک بەشى پێداویستى ئاو لەگەڵ خۆی ببات ئەگەر بەڕۆژوو نابێت، پێلاوێک لەپێ بکات کە گونجاوبێت بۆ رێگەڕۆشتن و سەرکەوتن، چەترێکیش لەگەڵ خۆیدا بهێنێت لەبەرئەوەى پلەکانى گەرما بەرزن. گوتیشى پێشبینیدەکەن لە 10 خولەک تا 15 خولەک جارێک کەسێک بەهۆی بەرزی پلەکانى گەرماوە بەهۆش خۆی بچێت.
دەشڵێ، 1200 مەتر چوارگۆشە چەتریان دروستکردووە، 129 هێلیکۆپتەر لە ئامادەباشیدان و ژمارەیەکی زۆریان ئاو دەڕشێنن بەسەر حاجییاندا.
باسی لەوەشکرد، ئامێرەکانى فێننکەرەوە لە هەندێک شوێندا 10 نمرە پلەکانى گەرما دادەبەزێنن و هێزە ئاسمانییەکان و چاودێریی کەشوهەواى وڵاتەکەش بەتەواویی لە ئامادەباشیدان.