128 جیهان

سەرتاشێكی بەردهاوێژی كورد لەبەریتانیا سزادرا

03:53 - 01/06/2025

زەمەن:-

 

كاوە ڕەش

 كوردێك كەپیشەی سەرتاشیە لەبەریتانیا، لەكاتی ئاژەوگێڕیەكانی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بەردو كۆنكرێت هاوێشتنەوە بەرەو ڕووی خۆپیشاندەرانی ڕەگەزپەرست لەشاری ستۆكنترێت سزادرا.

ئەو كوردە تەمەنی ٢٦ساڵەو ناوی (ئەمین سەركەوت)ە، دوای ئەوەی لە٣ی ئۆگێستی ساڵی ڕابردوودا زانیویەتی ژمارەیەكی زۆری ئاژەوگێڕو خۆپیشاندەری نەتەوە پەرست، هەوڵی هێرش و سوتاندنی مزگەوتی (هانلی لەشاری ستۆكنترێت) دەدەن، چۆتە بەردەم مزگەوتەكەو لەگەڵ كۆمەڵێك كەسی دیكە ویستوانە بەرگری لەمزگەوتەكە بكات. 

بەڵام بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆیانەی لەكامێرەی سەرشانی پۆلیسەكانەوە تۆماركراوە،  ئەو كوردە سەرتاشە، بەردو پارچە كۆنكرێتی بەرەو ڕووی خۆپیشاندەران و هێڵی بەرگری پۆلیس هاویشتووە، بەمەش مەترسی بۆسەر گیانی پۆلیس و خۆپیشاندەران درووستكردوە، وەك پۆلیس ڕایگەیاندوە.

بەپێی نیشاندانی بەڵگەكان لەكاتی دادگایی كردنی ئەو كوردە لەدادگای شاری ستۆكنترێت، ئەو لە
کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ تا ٣ی پاشنیوەڕۆ، لەناوچەکەدا ماوەتەوە وەك مووشەک، بەردو كۆنكرێتی بەئاراستەی پۆلیس و خۆپیشاندەران فڕێداوە. 

بەپێی گوتەی ئەو كوردە لەبەردەم دادوەر،

بەشێوەیەكی ڕاستەقینە پەشیمانی خۆی دەربڕیوە، لەبەرمبەر كەمتەرخەمی و بەشداری كردنی لەو پێك هەڵپژان و توندوتیژییانەی نێوان بەرگریكارانی مزگەوتەكەو ئاژەوگێڕەكان. هەروها ئەو دەڵێ; هیچ ئیرادەیەکی خراپی بەرامبەر بە ئەفسەرانی پۆلیس نەبووە، تەنها بێباکیی و كەم تەرخەمی خۆی بووە، بەهۆی بەرد هاویشتنەوە ژیانی پۆلیس و خۆپیشاندەرانی خستۆتە مەترسییەوە.

لەگەڵ ئەوەش ئەو هیچ ئاگاداری پلانی خۆپیشاندەران نەبووە بەڵكو هەروەك ڕۆژێكی ئاسایی چۆتە ناو سەنتەری شار بۆ نان خواردن لەچێشتخانە، بەڵام كاتێك زانیویەتی كەژمارەیەك ئاژەوگێڕ بەنیازن مزگەوتەكە تێك بدەن و بیسوتێنن، تەنها بۆ بەرگریكردن چۆتە ئەوێ هیچ نیازێكی خراپی نەبووە.

دادوەر، گرایم سمیس، بەهۆی كرداوەكانی ئەو كوردە سەرتاشەوە، سزای ٢٢ مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند، بەڵام سزاكەی بۆ ماوەی ١٨ مانگ ڕاگیراوە، شانبەشانی ئەوەش,  ئەو دەبێت ١٦٠ کاتژمێر کاری بێ بەرامبەر ئەنجام بدات.

دادوەر

 ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە ڕوونە کەتۆ تەنها بۆ ماوەیەکی کورت بەردو كۆنكرێتت هاویشتووە، بەڵام زۆرینەی کاتەکان لەگەڵ گروپی سەرەکی دژە خۆپیشاندەران لەدەرەوەی مزگەوتەکە ماویتەوە، ئێمە بەڵگەمان نیە كەتۆ لەهیچ توندوتیژییەکی دیكەدا بەشدار بوویت یان نا،  بەڵام هەندێک کەس لە گروپەکەتان دواتریش خەریکی توندوتیژی زیاتر بوون لەناوچەكەدا.

دادوەر دەڵێ،  من ڕازیم كەتۆ پەشیمانیتان نیشانداوە. بەڵام فڕێدانی بەردو دارو كۆنكرێت، شتێکی ناپێویست و بێباکانە بووە. لەكاتێكدا پێشتر هێڵەکانی نێوان مزگەوت خۆپیشاندەران بەهێزی پشتێنەی پۆلیس توندكرابوون بۆ پاراستنی مزگەوتەکە و هێشتنەوەی خۆپیشاندەران لەدوورەوە. ئەو كارەی ئێوە لەبەردهاوێژی هیچ یارمەتیدەر نەبووە، بەڵكو تەنها هانی پشێویی زیاتری نێوانتانی داوە. 

 شیاوی باسە هاوینی ڕابردوودا لەسەرانسەری بەریتانیا خۆپیشاندان و ناڕەزاییی و ئاژەوگێڕی درووست بوو، كەبەهۆی هێرشی هەرزەكارێكی بەڕەگەز بیانیەوە بوو، كەهیرشی كردبووە سەر گروپێكی فێركردنی سەمای منداڵان و چەندین منداڵی كوشت برینداركرد.
بەو هۆیەشەوە سەدان شوێن كارو پەرستگاو مزگەوتی بێگانەكان كەوتنە بەرهێرش و پەلاماری گروپە توندڕەو ڕەگەزپەرستەكانەوە.

لەكاتی ڕووبەڕوو بونەوەكانیش ژمارەیەكی بەرچاو كورد توشی سزادان و زیندانی كردن بونەتەوە،  بەهۆی پێك هەڵپژانیان لەگەڵ پۆلیس و ئاژەوەچییەكان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن