180 جیهان

دادگای لاهای فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نەتانیاهۆ، گاڵانت و زەیف دەردەکات

12:04 - 22/11/2024

زه‌مه‌ن - جیهانی

 

 دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لاهای ڕۆژی پێنجشەممە 21ی مانگی یازدە ڕایگەیاند فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گاڵانت وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل و محەمەد زەیف فەرماندەی حەماس دەرکردووە.

ئەم سزایانە لەلایەن کەریم خان داواکاری گشتی باڵای دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی لاهایەوە دەرچووە.

دادگاکە سوپای ئیسرائیلی بە تۆمەتی "تاوانی جەنگ" و "تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی" لە شەڕی غەززە تاوانبار کردووە و هەروەها حەماسی بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی هاووڵاتیانی ئیسرائیل تاوانبار کردووە و سزای دەستگیرکردنیشی بۆ سەرکردە بەرچاوەکانی هەردوو لایەن دەرکردووە.

گرووپی توندڕەوی حەماس لە لایەن یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەریکاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی دەستنیشان کراوە.

کەریم خان لە بەهاری ئەمساڵدا داوای لە تیمێکی داواکاری گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کردبوو لەگەڵ هەڵوێستی ئەو سەبارەت بە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و سێ ئەندامی باڵای تاقمی توندڕەوی حەماس هاوڕا بن.

کەریم خان دەیویست فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئیسماعیل هەنییە و یەحیا سینواریش دەربکرێت، بەڵام ئەم دوو سەرکردەیەی حەماس لە چەند مانگی پێشوودا لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلدا کوژران، یەکێکیان لە تاران و ئەوی دیکەیان لە غەززە.

ئیسرائیل پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە محەممەد زەیف فەرماندەی باڵای حەماسیشی کوشتووە، بەڵام تا ئێستا ئەو گرووپە بە فەرمی کوژرانی ناوبراویان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە قبوڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری دادگاکە لەلایەن ئیسرائیلەوە پێویست نییە بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن دژی بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە.

دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی شەڕی غەززە، دادگای لاهە لێکۆڵینەوەی لە سکاڵای حکومەتی ئەفریقای باشوور کرد کە سوپای ئیسرائیل و سەرکردەکانی بە "تاوانی جەنگ" تۆمەتبار کردبوو.

ئیسرائیل سەرەڕای بەشداریکردنی لە پرۆسەی دادگاییکردنی لە لاهە، بەڵام ئەم پرۆسەی دادگاییکردنەکەی سەرکۆنە کرد و بە ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان، جەختی لەوە کردەوە کە بەرگری لە هاووڵاتیانی خۆی دەکات لە بەرامبەر کردەوەکانی گرووپە تیرۆریستییەکان.

دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بنیامین ناتانیاهۆ لەکاتێکدایە کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمۆس هۆکستاین نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم کۆبووەتەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە شەڕی لوبنان. نەتانیاهۆ پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەو پرۆسەیەی لە دادگای لاهە دەستیپێکردووە جێگای "شەرمەزارییە" و "دژە جووەکانه".

یۆئاڤ گالانت کە نزیکەی 13 مانگ لە شەڕی ئێستادا بەرپرسی ئیسرائیل بوو، مانگی ڕابردوو بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆوە لە کارەکەی دوورخرایەوە.

ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی ئەم دادگایەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی باڵای وڵاتێک دەربکرێت کە سیستمی سیاسییەکەی بە دیموکراسی دادەنرێت.

بڕیارەکانی پێشووی ئەم دادگایە لە دژی سەرکردەی حکومەتەکانی وەک سودان و سربیا یان هەندێک حکومەتی خۆسەپێن لە ئەفریقا دەرچووە.

دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنەکە وا دەکات بنیامین ناتانیاهۆ و یۆئاڤ گالانت ببنە تۆمەتبارێکی داواکراو لەئاستی جیهاندا.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، ئەمە ڕەنگە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە ئاڵۆزتر بکات، بەڵام دەکرێت لێکەوتە کردەییەکانی سنووردار بن، چونکە ئیسرائیل و هاوپەیمانی سەرەکی، ئەمەریکا، ئەندامی ئەو دادگایە نین.

پێشتر جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕەخنەی لە ئەگەری دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرکردەکانی ئیسرائیل لە لایەن دادگای لاهەوە گرتبوو و ڕایگەیاندبوو ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی و هاووڵاتیانی بکات لە دژی حەماس.

لە ئیسرائیل، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە ئەم کارەی بە "دژە جوو" وەسف کردووە و دەڵێت "ئەوە تەنها پروپاگەندەیەکی گاڵتەجاڕانە و درۆیە" کە دژی ئیسرائیل ئەنجامدراوە. یۆئاڤ گالانتیش جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئیسرائیل مافی بەرگریکردن لە خۆی لەدەست نادات.

ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل ئەم بڕیارەی بە پشتیوانی لە "تیرۆر و خراپە" ناوبرد و ڕایگەیاندووە سیستمی دادپەروەری نێودەوڵەتی بووە بە "قەڵغانێکی مرۆیی" بۆ حەماس.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گیدۆن ساعر، ئەم بڕیارانەی بە "ساتێکی تاریک" بۆ دادگاکە ناوبردووە و دەڵێت دادگاکە شەرعیەتی نییە. هەروەها یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل، دەرکردنی ئەم سزایانەی بە "پاداشتێک بۆ تیرۆر" ناوبردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە دەسەڵاتی فەلەستینیش پێشوازی لەم بڕیارە کردووە و خوازیاری جێبەجێکردنییەتی لەلایەن وڵاتانی ئەندامی دادگاکەوە.
سەرچاوە/AP

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن