وەزارەتى سامانە سروشتییەکان: رێگرى دەکرێت نەوت بۆ وێستگەى کارەباى تاسڵوجە و سلێمانى بنێرین
07:12 - 31/10/2024
زەمەن - کوردستانى
وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت،رێگرى دەکرێت نەوت بۆ وێستگەى کارەباى تاسڵوجە و سلێمانى بنێرین.
لە راگەیەندراوەکەى وەزارەتى سامانە سروشتییەکاندا هاتووە، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمى ئەمساڵ، ڕێگری لە گەیاندنی نەوتی رەش بۆ وێستگەی بەرهەمهێنانی 51 مێگاوات کارەبای تاسڵوجە و وێستگەی بەرهەمهێنانی 29 مێگاوات کارەبای سلێمانی دەکرێت. نەوتەکە لە هەولێرەوە بۆ هەردوو وێستگەکە دەنێردرێت و کارەبای بەرهەمهاتووە دەچێتە ناو تۆڕی کارەباى هەرێم و بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەکرێت.
وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، هەوڵێکی زۆریان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە داوە، بەڵام تا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە و چارەسەر نەکراوە و هەردوو وێستگەکە به قەبارەى 80 مێگاوات کارەبا لەکار کەوتوون و زیانی گەورەی بە بەرهەمهێنانی کارەبا گەیاندووە.
وەزارەتى سامانە سروشتییەکان داوا دەکات به زووترين كات رێگا بە گواستنەوەی سوتەمەنى له بازگەكان بدرێت، تاكو ئەم دوو ويستگەيه جارێکی تر بەگەڕ بخرێنەوە.