267 کوردستان

وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەردی بناغەی دوو پڕۆژەى لە رانیە و بنگرد دانا

06:48 - 31/10/2024

زەمەن - کوردستانى

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى هەرێمى کوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بەردی بناغەی هەردو پڕۆژەی دیواری راگری پردی دەربەندی رانیە و قیرتاوکردنی رێگای گوندەکانی هەڵۆنە نۆڵچکە لۆتەری دانا.

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دانا عەبدولکەریم دواى دانانى بەردى بناغەى دوو پرۆژەکە گوتارێکى پێشکەشکرد و گوتى، پڕۆژەی دیواری راگری پردی دەربەندی رانیە پڕۆژەیەکی گرنگەو پاڵپشتێکی باش دەبێت بۆ پردەکە، کە پێکهاتوە لە دیوارێکی راگری کۆنکرێتی لەهەردو بەری پردەکە بەدرێژی 370م بە گوژمەی نزیکەی 500 ملیۆن دینار.

 

گوتیشى، پڕۆژەی دوەمیش قیرتاوکردنی رێگای گوندەکانی (هەڵۆنە-نۆڵچکە-لۆتەر)ە لە ناحیەی بنگرد، درێژی رێگاکە (5.25)کم و گوژمەی نزیکەی 560 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئاماژەی بەگرنگی و بایەخی قیرتاوکردنی رێگای ئەو گوندانە کردو وتی؛ ئەم پڕۆژەیە کارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دەکات و لەڕوی کشتوکاڵی و گەشتیارییەوە سود بە ناوچەکە دەگەیەنێت.

جەختى لەوەش کردەوە، لەم کابینەیەدا وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بایەخێکی تایبەتمان بە رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان داوە، بەئامانجی خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان و کارئاسانی بۆ هاتوچۆکردنیان، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی و گواستنەوەی بەرهەمی جوتیاران.لە رێورەسمەکەدا بەرێوەبەری ناحیەی بنگردو ژمارەیەک لەراوێژکاران و بەرێوبەرە گشتیەکان وەزارەت و بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکە ئامادەی بون.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن