192 کوردستان

پارتی و یەكێتیی بەتەماى دوو تورکمانن بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک

08:44 - 10/08/2024

زەمەن - کوردستانى

 

چارەنوسی پارتی و یەكێتیی لە كەركوك لەسەر (سەوسەن جەدوع) و (ئەحمەد كۆپەرلو) راوەستاوە، یەكەمیان سەربە حەسەن تۆران و ئەوی تر سەربە ئەرشەد ساڵحییە، بەری توركمانی ناكۆكیی ناوخۆیی هەیە، تۆران لەگەڵ پارتی لێكتێگەیشتنی كردووە، ئەرشەد ساڵحیش كە لەلایەن توركیاوە پۆستی سەرۆكی بەرەی توركمانی لێوەرگیراوەتەوە، دەیەوێت لە بەزمی پۆستی پارێزگاری كەركوكدا گەمەیەكی سیاسی بكات.

ئەمشەو ئەندامانی یەكێتیی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هۆتێل رەشیدن لە بەغداد، چاوەڕوانی بریاری كۆتایی و دەستپێكردنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگان، بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەن، لە دەرەوەی هۆتێلەكە كۆبوونەوەی سیاسی هەیە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی رێككەوتن و كۆبوونەكەی ئەمشەوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هۆتێل رەشیدی شاری بەغداد.

 

یەکێتى بە کورسییەکەى رەیان کلدانییەوە شەش کورسی هەیەو دەنگی 3 ئەندامی پێكهاتەی عەرەبی بەدەستهێناوە و دەیەوێت دەنگی (1) ئەندامی توركمانیش ببات، بەمە دەتوانێت هەم رێژەی 50+1 دروستبكات كە دەنگی (9) ئەندامە لە كۆی (16) ئەندام، هەم بەربەستی یاسایی ببرێت كە بەبێ پێكهاتەیەكی سەرەكی ناتوانرێت حكومەتی خۆجێی لە كەركوك دروست بكرێت.

 

یەكێتیی دەیەوێت بە سود وەرگرتن لە ناكۆكی نێوان حەسەن تۆران و ئەرشەد ساڵحی، لە كۆی 2 ئەندامەكەی بەرەی توركمانی دەنگی یەكێكیان بەدەست بهێنێت.

 

بەرەى تورکمانى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دوو ئەندامى هەیە، یەكێكیان سەوسەن عەبدولواحید جەدوع-ە كە راستەوخۆ سەربە حەسەن تۆرانی سەرۆكی بەرەكەیە، ئەوی دیکەیان ئەحمەد رەمزی كۆپەرلو-وە كە سەربە ئەرشەد ساڵحییە، ئەرشەدو تۆران ناكۆكن، ئەرشەد سەرۆكی بەرەی توركمانی بوو، بەڵام لەژێر فشار توركیادا ناچاركرا دەست لە پۆستەكەی بەربدات بۆ حەسەن تۆران، ئەرشەد ئێستا سەرۆكی فراكسیۆنی توركمانە لە پەرلەمانی عێراق.

 

بەگوێرەى زانیارییەکانى زەمەن، ئێستا تۆپەکە کەوتووەتە گۆڕەپانى تورکمانەکانەوە، یەکێتى و پارتى دەیانەوێت ئەگەر بە پارەشبێت یەکلایان بکەنەوە و هەردووکیان بێنە بەرەکەیانەوە، لەئەنجامى چوونى هەر یەکێکیشیان بۆ هۆتێل رەشید لە بەغدا، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سوودانى دەستپێدەکات و پۆستى پارێزگار هەر ئەمشەو یەکلادەکرێتەوە و بۆ یەکێتى دەبێت، ئەگەر پێچەوانەش بێت، پارتى براوەى یارییەکە دەبێت و یەکێتى بە دەستبەتاڵى لە بەغدا دەگەڕێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن