325 جیهان

ترەمپ ؛ بە یەک تەلەفۆن کۆتایی بە سەرجەم شەڕەکان دەهێنم'

03:43 - 19/07/2024

زه‌مه‌ن - جیهانی

دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەی نیشتمانیی کۆمارییەکان، بە فەرمی كاندیدبوونی خۆی وەکو كاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا قبووڵ کرد و لە وتارێکی دوورودرێژدا کە بە درێژترین وتاری قبووڵکردنی كاندید لە مێژووی ئەمریکا دادەنرێت، باسی لە چەندین بابەت کرد و بەڵێنی دا ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، سەرجەم کێشەکانی جیهان چارەسەر دەکات.

'بجەنگن، بجەنگن، بجەنگن'

لە سەرەتای وتارەکەیدا، لە کۆنگرەی نیشتمانیی کۆمارییەکان کە لە شاری میلوۆکی لە ویلایەتی ویسکنسن بەڕێوەچوو، ترەمپ بە وردی باسی لە وردەکاریی برینداربوونی و هەوڵی کوشتنەکەی لە هەفتەی رابردوو دا کرد و رایگەیاند: "تەنیا بە بەزەیی خودای گەورە رزگارم بوو. نەدەبووایە ئەمشەو لێرەبام. کاتێک ئاوڕی پشتەوەم دایەوە و گوێم لە دەنگی شتێک بوو دواتر هەستم بە شتێک کرد لێیداوم زۆر بە قورسی بە گوێی راستم کەوت، بەخۆمم وت واو ئەوە چییە؟ تەنیا دەبێت گولە بێت؟" 

ترەمپ هەروەها وتی: "راستەوخۆ دەستم بەگوێمەوە گرت و بینیم خوێن بەچڕی دەڕژێت و هەموو گیانم بووەتە خوێن، راستەوخۆ  زانیم شتەکە جدییە و هێرشکراوەتە سەرم."

کۆنگرەی کۆمارییەکان چوار رۆژی خایاند، وتارەکەی ترەمپ لە دوا رۆژی کۆنگرەکە بوو؛ كاندیدی کۆمارییەکان زیاتر باس لە ساتی هێرشەکە دەکات و دەڵێت: "دواتر ئەفسەرانی هێزی تایبەتی گەیشتنە سەرم و چواردەوریان گرتم، تاوەکو بمپارێزن. سەیرترین شت ئەوەبوو، کە لەدوای ساتدا سەرم جووڵاند و ئەگەر وانەبووایە، بکوژەکە، راستەوخۆ لەسەریدەدام و ئەمشەو لێرە نەدەبووم و پێکەوە نەدەبووین."

ترەمپ باسی مشت بەرزکردنەوەکەی دوای برینداربوونی دەکات و دەڵێت: "کاتێك هەستامەوە سەرپێم و بینیم بە هەزاران کەس هەر لەوێ ماون و بەجێیاننەهێشتم، ویستم شتێک بکەم و ئاگاداریان بکەمەوە کە من باشم؛ ئەویش دەستی راستم بەرز کردەوە و تەماشای خەڵکەکەم کرد کە چاوەڕێی منیان دەکرد و هاوارم کرد بجەنگن، بجەنگن، بجەنگن!"

ترەمپی تەمەنی 78 ساڵ، رایگەیاند ئەو تەنیا ئەمجارە چیرۆکی هەوڵی کوشتن و برینداربوونی دەگێڕێتەوە و جارێکی دیکە باسی ناکاتەوە.

'بایدن شکستی هێناوە'

لەگەڵ ئەوەی ترەمپ لە وتارەکەیدا هێمن و ئارام بوو، بەڵام دواتر دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا  کرد و وتی، لەژێر سەرکردایەتیی ئیدارەی ئێستای کۆشکی سپی، "ئەمریکا وەکو وڵات بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە. ئەگەر تەماشای 10 خراپترین سەرۆک بکەیت، ئەوا هیچیان بەقەد بایدن زیانی [بە ئەمریکا] نەگەیاندووە."

هەروەها ترەمپ جارێکی دیکە باسی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 کردەوە: "ئەو هەڵبژاردنەیان لە ئێمە دزی و جارێکی دیکە رێگەنادەین ئەو کارە بکەنەوە و کۆرۆنایان بۆ ساختەکردن بەکارهێنا."

بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان، ترەمپ لە زۆر لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکانی ئەمریکا لەپێش بایدنی رکابەری دایە. زیادبوونی دەنگی ترەمپ لەدوای هەوڵی کوشتنی، لەکاتێکدایە کە بایدن و دیموکراتەکان لە ناوخۆدا ناکۆکن، بە تایبەت لەسەر ئایندەی سیاسیی بایدنی تەمەن 81 ساڵ کە زۆر لە بەرپرسان و ئەندامانی باڵای دیموکراتەکان داوایان لێکردووە لە کێبڕکیی هەڵبژاردنەکان بکشێتەوە و رێ بە کەسێکی دیکە بدات رووبەڕووی ترەمپ ببێتەوە.

'بە تەلەفۆنێک کۆتایی بە جەنگەگان دەهێنم'

لەدرێژەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی سیاستەکانی ئیدارەکەی کرد بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە ئەگەری دەرچوونی و بەڵێنی دا "سەرجەم قەیرانە نێودەوڵەتییەکان کە ئەم ئیدارەیەی ئێستا دروستیکردوون، کۆتایی پێدێنم."

ئەو باسی لەوە کرد، ئەگەر ئەو سەرۆک بووایە، نە جەنگی ئۆکراینا، نە جەنگی ئیسرائیل و حەماس هەرگیز روویان نەدەدا: "بە تەلەفۆنێک کۆتایی بە جەنگەکان دەهێنم."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەی باڵای کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون، ترەمپ رایگەیاند: "پەیوەندییەکی باشمان هەیە و حەز دەکات بگەڕێمەوە [دەسەڵات]. ئەو بیرم دەکات."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن