35وتار

بۆ پەرلەمانتارانی کابینەی دەیەم!؟

7/1/2026 1:07:00 PM
فەرەیدون کونجرینی



هەرچەندە شەکەت و ماندوون و"  لە ئێستادا لە پشووی هاوینەدان،  کاتێکی گونجاوە  بۆ خوێندنەوە و بیرکردنەوە،    لە ڕۆشنایی ئەم نووسراوە تەنزئامێزەدا.  بە هیوای ئەوەی خوێنەری بن و وەڵامێکتان بۆ ڕای گشتی پێبێت.

ویژدان، ئەو پاسەوانە ڕەوشتییەیە کە ناهێڵێت کەسێک بەبێ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، خۆی بە بەرپرس یان نوێنەری گەل بزانێت. کاتێک ویژدان لە مرۆڤێکدا نامێنێت، وەک ئەوە وایە پەرلەمانتارێک پێش هەڵبژاردن بەڵێن بدات و پاش سەرکوتنی، هەموویان لەبیر بکات. مرۆڤی بێ‌ویژدان ئەو کەسەیە کە کاتێک دەگاتە پێگە و  پلە و پۆست، بەڵێنەکانی وەک بەڵگەنامەیەکی بێ‌نرخ فڕێ دەدات،  لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە کەسانە ویژدانی خۆیان لە بازاڕی سیاسەتدا فرۆشتووە و لە خانەی گەندەڵکاراندا هەژمار دەکرێن.


ئێوە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دەیان جار لە میدیاکانەوە هاوارتان دەکرد و دەتانگوت" ئێمە بۆ خزمەتکردنی گەل هاتووین، نەک حیزب!
پارێزگاری لە مووچە و مافی فەرمانبەران دەکەین!
پڕۆژەی خزمەتگوزاری و بنبڕکردنی گەندەڵی دەکەینە ئەولەویەت!
هێزی پێشمەرگە یەکدەخەینەوە و کۆتایی بە دوو ئیدارەیی دەهێنین!
بەڵام ئێستا کە دۆخەکە گەیشتووەتە بنبەست، هەموان زمانتان بەستراوە. ئەمە دەیسەلمێنێت کە بەڵێنەکانتان تەنیا وشەی بێناوەڕۆک بوون بۆ دزینی دەنگی خەڵک. ئێوە نوێنەری حیزبن نەک گەل.


 واقیعی تاڵ"  نزیکەی دوو ساڵ  چەقبەستوویی
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لە قووڵترین ئاستی چەقبەستنی سیاسی و ئابووریدایە. کابینەی دەیەمی حکومەت، کە دەبوو نوێنەری خواست و هیوای هاووڵاتیان بێت،  لە ماوەی زیاتر لە ١٩ مانگدا نەیتوانیوە ئەرکی سەرەکیی خۆی، کە پێکهێنانی حکومەتە، جێبەجێ بکات. ئەمە ڕیکۆردێکی نەرێنی و پەڵەیەکی ڕەشە لە مێژووی دامەزراوەکانی کوردستاندا.

کێ دەسەڵاتی ڕاستەقینەی بەدەستە؟
حزبەکان بوونەتە بەربەست لەبەردەم دامەزراندنی حکومەتدا"  لە پێناو بەرژەوەندیی تەسک و پۆستە باڵاکاندا دۆخەکەیان ئیفلیج کردووە. لێرەدا پێویستە پرسیارێکی بنەڕەتی بکرێت"  ئایا ویژدان فرۆشرا یان دەنگی گەل؟

ئایا بڕیاردەری ڕاستەقینەی پەرلەمانتاران کە خەڵک دەنگی پێداون، یان ئەو ڕابەرایەتییە تاکڕەو و حزبییەی کە بە ناوی گەلەوە بازرگانی دەکات؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە پەرلەمانتاران زیاتر بوونەتە ئامرازی دەستی حیزبەکان، نەک نوێنەری چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.

 بۆچی پەرلەمانتاران بێدەنگن؟
بێدەنگیی پەرلەمانتاران لە کاتێکدا کە حیزبەکان بەهۆی ململانێی تاکەکەسی و دابەشکردنی دەستکەوتەکانەوە کاروباری هەرێم ڕادەگرن، تەنیا یەک مانای هەیە  ڕەزامەندبوون لەسەر ئەم واقیعە چەقبەستوە. ئەم بێدەنگییە خەیانەتێکی مێژووییە"  ئێوە دەتوانن  بە دەنگی خۆتان ڕێگری لەم دۆخە خراپە بکەن، بەڵام بە بێدەنگبوونتان، بوونەتە هاوبەشی سەرەکی لەم چەقبەستووییەی کابینەی دەیەمدا. هۆکاری بێدەنگیی پەرلەمانتاران لەم سێ خاڵەدا ڕەنگدەداتەوە کە ڕاستەوخۆ ژیانی هاووڵاتیانی هاڕیوە.

١. قەیرانی مووچە
هەرچەندە مووچەی پەرلەمانتاران مانگانە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک (هەرچەندێک بێت) دەچێتە سەر حیسابەکانیان، بەڵام فەرمانبەری ئاسایی، پێشمەرگە، مامۆستا و کارمەندی تەندروستی بە دەیان مانگە چاوەڕێی شایستەکانیانن. ئەم جیاوازییە نەک هەر نادادپەروەرییە، بەڵکو خەیانەتێکی ڕوونە بەرامبەر بەو دەنگدەرانەی ئێوەیان گەیاندە ئەو کورسییانە.

٢. گرانی و هەژاری
 چەقبەستنی سیاسی وا دەکات سیاسەتی ئابووریی هەرێم بەبێ سەرپەرشتی بمێنێتەوە. دوو ئیدارەیی (ناوچەی زەرد و سەوز) و بوونی سنووری گومرکیی ناوخۆیی، نرخەکانی گەیاندووەتە لوتکە و بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی خستووەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

٣. ڕاگرتنی پڕۆژە گەورەکان
 بەهۆی نەبوونی کابینەیەکی نوێ کە مۆڵەت و بودجە دابین بکات، وەبەرهێنان بە تەواوی پەککەوتووە. زیانلێکەوتووی یەکەمیش چینی کرێکار و هاووڵاتیانی کەمداهاتن.


پێویستە بۆ جارێکیش بێت ویژدانتان بخەنە کار و ئەو بەڵێنانەتان بیربکەوێتەوە کە بە هاولاتیتان داوە. دەنگدەر ئێوەی نەناردووەتە پەرلەمان بۆ ئەوەی ببنە پاسەوانی بێدەنگی، بەڵکو بۆ ئەوەی ببنە کلیلێک بۆ چارەسەری قەیرانەکان"  ئەرکی ئێوە ڕەخنەدانە لە سەرکەردەو  حزبەکانتان" خۆپشاندان و دەنگی ناڕەزایەتی بگەیەنن " بۆ هاولاتیانی بسەلمێنن کە ئێوە هەمان ئەو کەسانەن لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بەگیرفانی بەتاڵەوە لە دیوانی مێدیاو رادیۆکانەوە قسەتان بۆ خەڵک دەکرد!؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن