ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی سێ پێشنیازی دارایی هەرێمی کوردستان دەکات
12:46 - 04/07/2026
زەمەن - هەواڵ
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و تیایدا گفتوگۆ لەبارەی سێ پێشنیازی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بکات، کە پەیوەستن بە پرسی مووچە، داهاتی ناوخۆ و سیستمی ئەسیکودا.
هەفتەی ڕابردوو شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کرد و بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی مووچە و گومرگ، سێ پێشنیازی خستە بەردەم حکومەتی فیدراڵی، کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت و بڕیاریان لەسەر بدرێت.
سەبارەت بە وردەکاریی پێشنیازەکان، زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن ئاشکرای دەکەن کە شاندەکەی هەرێم بە بەغدای ڕاگەیاندووە، داهاتی ناوخۆ لە 320 ملیار دینارەوە بۆ نزیکەی 90 ملیار دینار دابەزیوە، بۆیە پێشنیاز دەکەن لەبری 120ملیار، تەنها 60ملیار دینار ڕادەستی بەغدا بکەن. هاوکات ئاماژەیان بەوەش کردووە کە مووچەی 65هەزار فەرمانبەری گرێبەست لەسەر ئەستۆی حکومەتی هەرێمە و مانگانە پێویستی بە نزیکەی 43ملیار دینارە، بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتیشەوە حکومەتی هەرێم تووشی کورتهێنانێکی زۆر بووە.
لە پێشنیازێکی دیکەشدا، داوای هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم لەگەڵ شەهیدانی حکومەتی عێراق کراوە.
لەسەر پێشنیازی سێیەم کە تایبەتە بە سیستمی ئەسیکودا، بەغدا دوو مەرجی خستووەتە بەردەم هەرێم؛ یەکەمیان پێدانی پێشوەختەی باجی بازرگانانە لە بەغدا نەک لە هەرێم، کە ئەمەش وای کردووە بازرگانان ڕوو لە خاڵە سنوورییەکانی دیکەی عێراق بکەن، دووەمیشیان ڕێگەدانە تەنها بە هاوردەکردنی دەرمان و خۆراک. لەو چوارچێوەیەدا شاندی هەرێم داوای لابردنی ئەو دوو مەرجە قورسەی کردووە، چونکە هۆکارن بۆ زیاتر دابەزینی داهاتی ناوخۆی هەرێم.