بێڕووی حەرامخۆر
7/2/2026 1:24:00 PM
محەمەد نوری
فەرمانبەر هەموو رۆژێک دەوام بکات و موچەی دوابکەوێ، تۆش بە ترێلە وەریبگری
⭕️پانزە ملیار دینار بۆ یەك سەعات دەوامكردن.
⭕️پانزە ملیار دینار بۆ یەك سەعات سوێند خواردن وبەس
⭕️پانزە ملیار دینار بۆ یەك سەعات كاركردن لەماوەی نزیكەی دووساڵ
لەچ عورف وئەخلاقێكی سیاسیی وكۆمەڵایەتی هەبوە ،مرۆڤ ئەوەندە بێ روو بێت وماوەی یەك سەعات لەنزیكەی دووساڵدا دەوامی كردوبێت كەچی قسەی گەورە بكەن و راست وچەپ بەسەر هەموو شتێكدا بهێنن.
بندیوارە گەندەڵەكان كە خۆیان ناوناوە پەرلەمانتار ونوێنەری گەل رۆژ دەبێتەوە لەفەیسبوك ومیدیاسێبەر وبەرهەتاوەكان باسی گەندەڵی وخراپی دەسەڵات دەكەن،هەندێكیان وەك بوكە سەماكەرە بە دەوری حزبەكەیاندا هەڵدەپڕن ،كەچی یەك سەعات دەوامكردن زیانی پانزە ملیار دیناری لەداهاتی گشتی داوە.
بندیوارە گەندەڵەكان..ئەوانەی دەستمانبشكێت دەنگمان پێدان ووتمان وەرن ببن بە نوێنەری گەل،لەكاتی بانگەشەدا درۆی وایانكرد زستانیان هێنایە سەر چۆكان كەچی بۆیەك سەعات دەوامكردن پانزە ملیاریان حەپەلوشكردوە.
ئەمە چ رێسایەكی ئاسمانی و چ یاسایەكی زەوی قبوڵدەكات ..فەرمانبەرێكی شارەوانی و پۆلیسێكی هاتوچۆ وژینگە پارێزێكی ئازیز و پێشمەرگەیەك و كارمەندێكی تەندروستی هەموو رۆژی دەوامبكات سەرەرای موچەكەمییەكەی ودواكەوتنەكەی ،كەچی ئەم زرتە بۆزانە بۆیەك كاتژمێر لەماوەی دووساڵ بە ترێلە پارەیان بۆ بچێت..
ئەمە لەچ وڵات و زەمین و چیرۆكێكی خەیاڵیدا هاتوە كە بۆیەك كاتژمێر لەماوەی نزیكەی دووساڵ پانزە ملیار ببرێت.
ئەوەی روودەدات جگە لە گەندەڵییەكی رون و بردنی پارەیەك بەئاشكرا و هەڵخەڵتاندنی میللەت هیچ مانایەكی تری نییە.
ئەوەی روودەدات جگە لەبێ یاسایی وگوێنەدانە دەنگ وماندوێتی خەڵك هیچ پێناسەیەكی تر هەڵناگرێت.
پانزە ملیار دینار بۆ یەك كاتژمێر لەماوەی نزیكەی دووساڵ خۆتان ناوی دەنێن چی ؟