تورکیا لە مۆندیال دەرکراو ماڵئاوایی کرد
10:42 - 20/06/2026
زەمەن_وەرزش
لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکان و لە کۆمەڵەی 4ـەمدا، هەڵبژاردەی تورکیا ڕووبەڕووی پاراگوای بووەوە و یارییەکەی بە ئەنجامی 1-0 دۆڕاند. بەمەش تورکیا دوای تەنیا 2 یاریی، هیوای گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی لەدەستدا و بە فەرمی ماڵئاوایی کرد.
تۆمارکردنی خێراترین گۆڵ و کارتی سوور
لە خولەکی 1ـی دەستپێکی یارییەکەدا، ماتیاس گالارزا بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ پاراگوای تۆمار کرد. لە کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا، میگێل ئالمیرۆن، یاریزانی پاراگوای، بەهۆی سووکایەتیکردن بە یاریزانێکی تورکیا، دوای گەڕانەوە بۆ تەکنەلۆژیای (VAR) بە کارتی سوور کرایە دەرەوە. ئەمە یەکەمجار بوو یاسای نوێی فیفا بۆ ڕێگری لە ڕەفتاری نەشیاو لە مۆندیالدا جێبەجێ بکرێت.
هەوڵە بێ ئەنجامەکانی تورکیا
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، هەڵبژاردەی تورکیا سەرەڕای ئەوەی یاریزانی پاراگوای کەمتر بوو، چەندین هەلی گۆڵکردنی بۆ ڕەخسا، بەڵام نەیتوانی ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە. یارییەکە بە بردنەوەی پاراگوای و بەدەستهێنانی یەکەم 3 خاڵ بۆ ئەو هەڵبژاردەیە کۆتایی هات.
ڕیزبەندی ماڵئاواییکەرانی مۆندیال
تورکیا بووە دووەم هەڵبژاردە کە لە مۆندیالی 2026 دەچێتە دەرەوە، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵبژاردەی هایتی دوای شکستی بەرامبەر بەرازیل، وەک یەکەم تیم ماڵئاوایی کرد. تورکیا لە کۆی 2 یاریی، 2 شکستی هەیە و هیچ خاڵێکی کۆنەکردووەتەوە.
ئامارە نەرێنییەکانی هەڵبژاردەی تورکیا
کاروانە وەرزشییەکەی تورکیا لەم مۆندیالەدا بە ئامارێکی لاواز کۆتایی هات؛ لە 2 یاریی ئەنجامدراودا هیچ گۆڵێکیان تۆمار نەکردووە و لە بەرامبەردا 3 گۆڵیان لێ کراوە. تورکیا بەبێ خاڵ و بەبێ گۆڵ گەڕایەوە وڵاتەکەی.