218 کوردستان

"ململانێی پارتی و یەكێتی كوردی لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگای كەركوك بێبەش كردوە"

09:16 - 10/07/2024

زەمەن - کوردستانی

 

هەڵسوڕاوێكی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: كۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك شكڵییە نەك بۆ هەڵبژاردن و یەكلایی كردنەوەی پۆستەكان و ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات؛ بەهۆی ململانێكانی پارتی و یەكێتییەوە كورد نەیتوانیوە بەركەوتەی خۆی لە هەڵبژاردنەكان بەدەستبهێنێت.


محەمەد نەسرەدین، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری كەركوك بە (KNN)ـی رایگەیاند: دانیشتنی سبەینێی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، زیاتر كۆبونەوەیەكی شكڵییە نەك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگری ئەنجومەنی پارێزگاكە و یەكلایی كردنەوەی پۆستەكان، بۆیە سەرجەم لایەنە سیاسیەكان بەشداری كۆبونەوەكە دەكەن، ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە مەترسی لەسەریان نییە تا بایكۆتی دانیشتنەكە بكەن.


وتیشی: ململانێكانی نێوان لایەنە سیاسیەكان بە گشتی و پارتی و یەكێتی بەتایبەتی قوڵتر بوەتەوە كە هیچ هەوڵێكی ئاشتەوایی لەنێوانیاندا نییە، ئەوش وایكردوە كە گفتوگۆی جدی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی پارێزگای كەركوك بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی ئەنجام نەدرێت.


رونیكردەوە، دیارترین خاڵی ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی لە ئەو گۆڕانكارییانە ئیداریانەی لە پارێزگای نەینەوا كراوە خۆی دەبینێتەوە كە چەند پۆستێك لە پارتی سەندرایەوە و ئەندامانی یەكێتی پۆستەكانیان وەرگرتوە، ئەوش ململانێكانی قوڵتر كردوەتەوە، هەروەها نەبونی نیەتێكی جددی كورد بۆ ئاشتەوایی.


هەڵسوڕاوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان رونیكردەوە، بەهۆی ململانێی نێوان پارتی و یەكێتی و كاركردنیان دژ بەیەكتری،  نەتوانراوە كورد بەركەوتەی خۆی لە هەڵبژاردنەكانی ئەو پارێزگایە بەدەستبهێنێت، تا ئێستاش بەجیا لەگەڵ لایەنە عەرەبەكان و توركمانەكان رێككەوتنی سیاسیان دەكەن.


ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەپێی یاسا بەركارەكان پێویستە پۆستەكانی پارێزگای كەركوك بەشێوەیەكی دادپەروەری لەنێوان پێكهاتەكانی پارێزگاكە دابەشبكرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان، كە یاساكە تایبەتە بە پارێزگای كەركوك.


هەروەك محەمەد نەسرەدین، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی: بەردەوام بونی بارودۆخەكە لەبەرژەوەندی عەرەب و توركمانەكاندایە و كورد لێی زەرەمەند دەبێت، بەڵام بەهۆی كەمی كورسیی لایەنێكی كوردی پێدەچێت ئەوانیش بەبەرژەوەندی خۆیانی بزانن و چاوەڕێی بەردەوامی بارودۆخەكە بكەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن