شوێن پێی ئەو منداڵانەی، لە بیاباندا بوون بە گووڵ!
10:28 - 09/07/2019
"زەمەن"
شوێن پێی ئەو منداڵانەی لە بیاباندا بوون بە گووڵ، ناوی نوێترین پڕۆژەی هونەریی هونەرمەندی کورد، “بەهادین”ە، کە بەهاوبەشی هونەرمەندیی مەغریبی “عادل عەوێتە” سەرقاڵی ئامادەسازین، بۆ نمایشکردنیی.
لەبارەی بە ناونیشانی پڕۆژە هونەرییەکەی، بەهادین، بۆ کولتووری زەمەن وتی” بیرۆکەکەی لە وێنەیەکی منداڵێکی ئەنفالکراو، درووست بوو. کە یەک مانگی رێک لەگەڵ وێنەی ئەو منداڵ ژیام، ئەو مانگە ٣١ ڕۆژ بوو، هەر بۆیە بۆ پڕۆژە هونەرییەکەشم ٣١ تابلۆی گەورەم درووست کردووەو ناوم ناوە (شوێن پێی ئەو منداڵانەی لە بیاباندا بوون بە گووڵ!) بۆ کاری ئەو هونەرمەندە مەغریبیەش، ئەویش کار لەسەر سنوور دەکات، لە چیرۆکی وڵاتەکەی خۆیدا.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هونەرمەند و مێژووی نەتەوەکەی، بەهادین وتی “مێژووی هەموو هونەرمەندێک، پەیوەستە بە مێژووی میللەتەکەی، چەندێ لێشی دروور بێ، بەڵام دواجار ناتوانێ لێی هەڵبێ و جارێکی تر، بە وێنە و چیرۆکەکانی دێتەوە بۆ ناو یادەوەریی و بەرهەمی هونەرمەندەکە. ئەم کارەی من، جۆرێکە لەو کارکردنە لەناو تراژیدیا و چیرۆکی نەتەوەکەمدا.
(لە ژمارەکانی داهاتووی کولتووری زەمەن، چاوپێکەوتنێکی بەهادین لەسەر پڕۆژەی “شوێن پێی ئەو منداڵانەی لە بیاباندا بوون بە گووڵ!” بڵاو دەکەینەوە.)