دیمانە

سيروان بارزانى: فەرماندە سەربازیەکانی پارتی و یەکێتی "وه‌كو برا" کاریان کردووە

09:01 - 08/12/2022 291 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن


سەرباری ئەوەی کە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی لە ئاستێکی ئاڵۆزدایە و باسی سەرهەڵدانەوەی دوو ئیدارەیی دەکرێت، سەرەتای ئەم هەفتەیە شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنی هەرێمی کوردستان کە لە فەرماندە باڵاکانی ئەو دوو حزبە پێکهاتوون سەردانی هەنگاریایان کرد.

سیروان بارزانی، ئەندامی شاندەکە کە لە لایەن جێگری سەرۆکی هەرێم شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سەرپەرشتی دەکرا، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە سەرەڕای ناکۆکیە سیاسیەکان نوێنەرە سەربازیەکانی یەکێتی و پارتی "به‌ یه‌ک ده‌ست و وه‌كو برا" کاریان کردووە.

لە چاوپێکەوتنەکەدا سیروان بارزانی، کە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی میحوەری گوێری پێشمەرگەیە، ڕایگەیاند، "نابێت كێشه‌یه‌كی تایبه‌ت كه‌ له‌نێوان پارته‌كان هه‌بێت كاریگه‌ری هه‌بێت له‌ لایه‌نی سه‌ربازی و ئه‌منی."

وەفدەکە، کە سێشەممە کۆتایی بە سەردانەکەی هێنا، لە هەریەک لە نوێنەرەکانی دەزگای پاراستن (پارتی) و دەزگای زانیاری (یەکێتی) پێکهاتبوو و لە کاتێکدایە کە فرمانی دەسبەکاربونی بەرپرسەکەی دەزگای زانیاری جەلال شێخ ناجی لەلایەن مەسرور بارزانی تا ئێستا واژۆ نەکراوە، وە یەکێتی دەڵێت پارتی موچەی کارمەندانی دژەتیرۆری یەکێتی بڕیوە.

سەبارەت بە بڕینی پارەی دژەتیرۆری یەکێتی، سیروان بارزانی ڕایگەیاند، " ئه‌وه‌ی من بیستوومه‌ هه‌ر مانگێكه‌ بودجه‌ی دژه‌تیرۆر بڕدراوه " و بڕیارەکە "کاتییە." ‌

ئەمە کورتکراوەی وتوێژەکەی دەنگی ئەمریکایە لەگەڵ سیروان بارزانی و تەواوی وتوێژەکە لە بەستەرێکی دەنگیدا لە خوارەوە بەردەستە.

دەنگی ئەمەریکا: مەبەستی سەردانەکە چییە؟

سیروان بارزانی: كۆنفڕانسێک هه‌بوو له‌ دوای كۆنفرانسه‌كه ‌چه‌ندین دیدارمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ به‌رپرسان له‌ هه‌نگاریا. به‌ڵێنی ئه‌وه‌یاندا كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ ڕاوێژ و له‌هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعش. بێگومان له‌دوای كۆڤید ئه‌وه‌ وه‌ستابوو...بریندارانی پێشمه‌رگه‌... له‌ هه‌نگاریا چاره‌سه‌ریان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ریان نییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش خاڵێكی زۆر گرنگ بوو بۆ ئێمه‌.


دەنگی ئەمەریکا: ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە پارتی و یه‌كێتی ناكۆكیان زۆر هه‌یه‌.

سیروان بارزانی: كێشه‌ی سیاسی و ئایدۆلۆژی و كێشه‌ی ده‌نگده‌ر له‌هه‌موو شوێنێك و وڵاتی دیموكراتی ئه‌مه‌ هه‌یه‌. به‌ڕاستی ئێمه‌ی به‌رپرسی له‌شكری و پێشمه‌رگه‌ هیچ كاتێک كێشه‌مان نه‌بووه‌ نه‌ كێشه‌مان ده‌بێت، وه‌ نابێت كێشه‌یه‌كی تایبه‌ت كه‌ له‌نێوان پارته‌كان هه‌بێت كاریگه‌ری هه‌بێت له‌ لایه‌نی سه‌ربازی و ئه‌منی به‌تایبه‌تی لایه‌نی سه‌ربازی. بۆیه‌ ئێمه‌ لێک نزیكین و كه‌ پێكه‌وه‌ش بووین جێگه‌ی دڵخۆشی بوو به‌ یه‌ک ده‌ست و وه‌كو برا كارمان كردووه‌.

دەنگی ئەمەریکا:هیچ كێشه‌یه‌ک هه‌بوو كه‌ نوێنه‌ری ده‌زگای پاراستن و دژه ‌تیرۆر به‌یه‌كه‌وه‌ بوون؟

سیروان بارزانی: نه‌خێر هیچ كێشه‌یه‌ک نه‌بووه‌ ڕاوبۆچوون و گفتوگۆیان كردووه‌. له‌نێوان یه‌كتری هیچ كێشه‌یه‌ک نه‌بووه‌ له‌ ده‌زگای ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش كه‌ به‌رپرسی هه‌واڵگری (پاراستن) له‌گه‌ڵ بووه‌ له‌سه‌ر براده‌رانی پارتی حسابه‌ و به‌ڕێز كاک شێخ جه‌لال (بەرپرسی دەزگای زانیاری) یەکێتی به‌ ڕاشكاوی و به‌ هه‌ستێكی زۆر نزیک له‌یه‌كتری ڕه‌فتاریان كردووه‌."

دەنگی ئەمەریکا: به‌ڵام دەگوترێت هه‌تا ئێستا فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆكی دژه‌تیرۆرده‌رنه‌چووه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش مەسرور بارزانی.

سیروان بارزانی: ئه‌وه‌ی من بزانم به‌حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ڕێز شێخ جه‌لال له‌هه‌واڵگری بووه،‌ ئێستا به‌فه‌رمی له‌ ده‌زگای زانیارییه‌. نه‌مبیستووه‌ فه‌رمانه‌كه‌ی نه‌گه‌ڕابێته‌وه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان. له‌ وه‌فده‌كانی پێشتریش كه‌ چوونه‌ته‌ هه‌نگاریا ئه‌وكاته‌ زیاتر به‌شه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ بووه‌، ئه‌وكات له‌ هه‌واڵگری بووه‌ ئێستاش له‌ ده‌زگای زانیاری یه‌كێتیه‌.

دەنگی ئەمەریکا: ئایا جەلال شێخ ناجی به‌ فه‌رمی به‌ نوێنه‌رایه‌تی دەزگای زانیاری یەکێتی‌ هاتووه لەگەڵ وەفدەکەتان‌؟

سیروان بارزانی: ئه‌وه‌ی من بزانم له‌ بانگهێشتننامه‌كه‌ به‌حوكمی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی پێشووتری سه‌ربازی و پێشمه‌رگه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بووه‌ و چوینه‌ته‌ هه‌نگاریا، به‌ڵام نازانم وه‌كو تایتڵ ده‌عوه‌تنامه‌كه‌ی چۆن هاتووه‌ ورده‌كاریم لانییه‌ به‌ڕاستی.

دەنگی ئەمەریکا: وەک بەرپرسێکی سەربازی و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێتوایه‌ كێشه‌ ئه‌منییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟

سیروان بارزانی: به‌ڵێ من پێموایه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت، هیچ كێشه‌یه‌ک نییه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت. ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی دوو پارتی سه‌ره‌كی كه‌ ئێستا هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن بۆئه‌وه‌ی كاریگه‌ری له‌ پێگه‌ و سیاسه‌تی هه‌رێم نه‌كات، خودی خەڵكی هه‌رێم له‌ناوه‌وه‌ دڵگران نه‌بێت.
له‌ به‌لاغی كۆنگره‌ی پارتی ئه‌و بڕیاره‌ دراوه‌ كه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ بكرێته‌وه‌ بۆ هه‌موو پارته‌كان كه‌ به‌هه‌موو شێوازێک دانوستاندن بكرێت به‌تایبه‌تی یه‌كێتی، چونكه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هاوبه‌شه‌ سه‌ره‌كیه‌كان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تی هه‌رێم به‌شداره‌.

دەنگی ئەمەریکا: چه‌ند مانگه‌ بودجه‌ی دژه‌ تیرۆر بڕدراوه‌؟

سیروان بارزانی: ئه‌وه‌ی من بیستوومه‌ هه‌ر مانگێكه‌ بودجه‌ی دژه‌تیرۆر بڕدراوه‌.

دەنگی ئەمەریکا: گێڕانه‌وه‌ی بودجه‌ی ده‌زگای دژه‌تیرۆری یه‌كێتی ڕووده‌دات؟

سیروان بارزانی: به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر لیژنه‌ی هاوبه‌ش دابنرێت و چاره‌سه‌ر بدۆزرێته‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ شتێكی اعترازی و كاتییه‌ هه‌تا ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

دەنگی ئەمەریکا: پارتی دەیەوێت سه‌رۆكی ده‌زگای دژه‌تیرۆری یه‌كێتی ده‌ستگیر بكات كه‌ ده‌وترێت كێشه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌؟

سیروان بارزانی: به‌ڕاستی ئه‌وه‌ كاری من نییه‌ وابزانم پارتیش نییه،‌ به‌ڵكو كاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه‌ و ده‌بێت ئه‌وان بڕیار بده‌ن كه‌ كێشه‌كان چۆنه‌ و ئه‌و دۆكیومێت و به‌ڵگانه‌ چییه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڕێزه‌ هه‌یه‌ ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی دادگا و یاسای ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت. خۆ ناكرێت له‌سه‌ر كه‌سێک كێشه‌ گه‌وره‌ بكرێت ئه‌گه‌ر ناحه‌قه‌ و له‌سه‌ری چه‌سپاوه‌ شتێكی هه‌ڵه‌ كراوه‌ و به‌یاسایی و به‌ به‌ڵگه‌ ده‌بێت بگاته‌ سزای خۆی به‌گوێره‌ی بڕیاری دادگا ئه‌گه‌ریش هیچی له‌سه‌ر نه‌بوو ئه‌وا لێخۆشبوونی بۆ ده‌رده‌چێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن