263 دیمانە

خاڵە سەرنجڕاكێشەكانی ئەنجامی سەرژمێری هەرێم بەراورد بە عێراق؟

01:53 - 04/12/2024

زەمەن:-

 

رۆژی ٢٥ی ١١ی ٢٠٢٤، ئەنجامی سەرژمێریە مێژوویەكەی عێراق و هەرێم ئاشكراكرا، بەشی بەدواداچون و لێكۆڵینەوەی "زەمەن" ئەم بەراودكاریە گرنگەتان بۆدەخاتە روو.

 

یەكەم: پێشتر دامەزراوەی میدیای "زەمەن" زانیاری ئەوەی هەبوو كە بەشی هەرە سەرەكی نیگەرانی حكومەتی هەرێم لەوەبوو كە پێشبینیان دەكرد ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بۆ خوار ١٠٪ی كۆی گشتی دانیشتوانی عێراق دابەزێت، بەڵام خۆشبەختانە وانەبوو ئێستا ١٤.٣٪یەو ئەو خەمەمان رەویەوە و بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵانەو هەروەها بەشە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و هەر پارەیەكیش كە لە دەرەوەی وەربگیرێت بۆ عێراق، بەشی هەرێم زیاددەكات.

 

دووەم: بەپێی ئەنجامەكانی سەرژمێریەكە، لەهەرێمی كوردستان یەك ملیۆن و ٣٧٩ هەزار خێزان هەیە ، بەڵام دوو ملیۆن و ٢٤ هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی وەك خانو شوقە هەیە، واتە ئێمە بۆهەر خێزانێك نزیكەی خانوو و نیوێكی بەر ئەكەوێت، كە ئەمە كێشەی نیشتەجێبون بە ئاستێكی باش چارەسەر دەکات، بەڵام بەپێچەوانەوە لە عێراق بۆهەر خێزانێك یەك خانویان هەیە.

 

سێیەم: خاڵێكی تر كە ئەمەیان هەندێك نێگەتیڤە واتە باش نیە، ئەویش ئەوەیە كە ڕێژەی دانیشتوانی سەرووی تەمەنی 65 ساڵ و سەرووتر ٤.٤٪ واتە بەتەمەنەكان، بەڵام لە پارێزگاكانی عێراق ڕێژەی دانیشتوانی سەرووی تەمەنی 65 ساڵ و سەرووتر: ٣.٥٪ە. بەمانای ئەوەی كە رێژەی پیرو بەتەمەن لە كوردستان هەندێك زیاترە لە پارێزگاكانی عێراق.

 

چوارەم: تێکڕای قەبارەی خێزانەکان لە هەرێمی كوردستان ٤.٣ تاکە، بەڵام لە پارێزگاكانی عێراق تێکڕای قەبارەی خێزانەکان بە ٥.٣   راگەیەنراوە، تەبعەن ئەو ٥.٣ بەهەرێمی كوردستانیشەوە، كە ئەگەر هەرێمی لێدەركەیت خۆیان بەرەوژوری ٦ كەسن بە تێكڕا.

 

پێنجەم: خاڵێكی تر كە ئەمەشیان باش نیە بۆ هەرێمی كوردستان رێژەی دانیشتوانی گوندنشین كە خەریكی كشتوكاڵ و ئاژەڵدارین لەهەرێم: ١٦٪یە بەڵام لە عێراق لە: ٢٩.٧٪ە. واتە هەرێم زیاتر لە عێراق كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری پشتگوێخستووە، كە روونە كشتوكاڵ پایەیەكی هەرە گرنگی شادەماری ئابوری هەموو وڵاتێكە.

 

شەشەم: خاڵێكی تری سەرنجڕاكێش كە دیسان ئەمەش نێگەتیڤە بۆ هەرێم تێكڕای تەمەنی خوار ١٥ ساڵ لای خۆمان لە ٣١.٩٪یە بەڵام لە پارێزگاكانی عێراق ٣٦.١٪یە بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەڵام ئەگەر هەرێمی لێدەركەیت، بە ئەكیدی لە عێراق ئەبێت بە ٤٠٪ هەروەها رێژەی تەمەنی ١٥ بۆ ٦٤ ساڵ لە هەرێم كەمترە لە عێراق و لە عێراق زۆرترە، واتە بەگشتی ئەوان كەمێك گەنجیان زۆرترە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن