دەقی دیمانەکەی محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس
12:25 - 29/07/2025
زەمەن - دیمانە
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ
ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ئەمریکی باس لە دوورخستنەوەی گرژییەکان لە عێراق و هەڵبژاردنەوەی
وەک سەرۆکوەزیران دەکات، هاوکات باس لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەریەک لە ئەمریکا
و ئێرانیش دەکات.
"حکومەتی عێراق 29 جار هێرشی بۆسەر ئیسرائیل
و بنکە ئەمریکییەکان پوچەڵکردەوە"
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیمانەکەدا
رایگەیاند، لەکاتی شەڕی 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیل، گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەوڵیاندا
بە درۆن ئیسرائیل و بنکە ئەمریکییەکان لە عێراق بکەنە ئەمانج، بەڵام حکومەتی عێراق
توانی 29 هەوڵ بۆ ئەو هێرشانە پوچەڵبکاتەوە.
"سیاسەتی ئیسرائیل فراوانکردنی جەنگە لە
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"
لەبارەی سیاسەتی حکومەتی ئیسرائیل، سەرۆکوەزیرانی
عێراق دەڵێت، دەزانین سیاسەتی ئیسرائیل لە ناوچەکە فراوانکردنی جەنگەکەیە، بۆیە ئێمە
لەوە دڵنیابووینەوە کە هیچ بەهانەیەک نەخەینە بەردەم هیچ لایەنێک تاوەکو عێراق بە
ئامانج بگرن.
"داوامان لە بەرپرسانی ئێران کرد بگەڕێنەوە
بۆ دانوستان"
سودانی باسی لەوەشکرد، کە ئەوان داوایان لە بەرپرسانی
ئێران کردووە، هێوەر ببنەوە و دەستبکەن بە دیالۆگ و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.
"کۆتایی ئەمساڵ لەسەر بابەتی کشانەوەی
هاوپەیمانان لەگەڵ ئەمریکا کۆدەبینەوە"
لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی
ئەمریکا، ئاژانسەکە نووسیویەتی، هەنگاوی یەکەمی کشانەوەی هاوپەیمانییەتییەکە، دەبوو
لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ تەواو بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەنگاوی دیار لەو بارەیەوە
ئەنجامنەدراوە.
سودانی لە وەڵامی ئەمەدا ئاشكرایکردووە، بەرپرسانی
ئەمریکا و عێراق بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ لەسەر پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوانیان کۆببنەوە،
لە دیمانەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق هیواشی خواست وەبەرهێنان لە بواری ئابووری بەتایبەت
نەوت و گاز و ژیریی دەستکرد لەگەڵ ئەمریکا بکەن.
"بە کشانەوەی هاوپەیمانان بەهانە بۆ
گرووپە چەکدارەکان نامێنێت چەک هەڵبگرن"
هەر لەبارەی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە لە عێراق،
سودانی باسی لەوەشکرد، ئامادەیی ئەو هێزانە لە عێراق بەهانە بوو تاوەکو گرووپە چەکدارەکان
چەکیان بەدەستبێت، بەڵام لەگەڵ کشانەوەی ئەو هێزانە هیچ بەهانەیەک نامێنێت بۆ هیچ
گرووپێک کە لە دەرەوەی دیدگای هێزەکانی دەوڵەت چەک هەڵبگرێت.
"یاسای حەشدی شەعبی هەوڵی حکومەتە بۆ کۆنترۆڵکردنی
چەک لە دەرەوەی دەوڵەت"
لەبارەی یاسای هێزەکانی حەشدی شەعبیش کە ئەمریکا
بەردەوام رەخنەی لێگرتووە و داوایکردووە و ئەو یاسایە پەسەند نەکرێت، سودانی بەرگریی
لە پێشنیازی یاساکە کرد و رایگەیاند، ئەو یاسایە بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق
بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەت.
"هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی
کوردستان هێرشی تیرۆریستین"
لە دیمانەکەدا باس لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە
نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیش کراوە، کە لەماوەی رابردوو ئەنجامدران، سودانی هێرشەکانی
بە کردەوەی تیرۆریستی وەسفکرد و رایگەیاند، کە حکومەت لەگەڵ "دەسەڵاتدارانی
کورد" و هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەوڵدان بۆ ئاشكراکردنی ئەو لایەنانەی بەرپرسن
لەو هێرشانە، وەک سودانی خۆی باسیکردووە.
"دانوستان لەگەڵ ئەو کەسانەدا ناکەن، کە
خەڵک دەڕفێنن".
لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەدا باس لەو توێژەرە ئیسرائیلی
– رووسیە کراوە کە لە ساڵی 2023وە لە عێراق دیار نەما و خێزانەکەی پێیانوایە لەلایەن
گرووپەکانی حیزبوڵا رفێندراوە؟ سودانی ناوی هیچ لایەنێکی بەرپرسی لەو بارەیەوە نەهێنا،
بەڵام رایگەیاند، حکومەتەکەی بەتایبەت لەسەر ئەو کەیسە کاردەکات و ئەوان دانوستان
لەگەڵ ئەو لایەنانە ناکەن کە خەڵک دەڕفێنن.
"داعش دوژمنی هاوبەشی عێراق و سووریایە"
لە کۆتاییشدا باسی لە پەیوەندییەکانی عێراق و
حکومەتی نوێی سووریا کردووە، سودانی رایگەیاند، لەگەڵ ئەو وڵاتە دوژمنێکی هاوبەشیان
هەیە کە داعشە و تاوەکو ئێستاش بە ئاشکرا دیارە کە لە سووریا ئامادەیی هەیە.
"سووریا پێویستی بە پرۆسەکی سیاسیی گشتگیرە،
کە سەرجەم پێکهاتەکان لە خۆ بگرێت"
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایکرد، سەرکردەکانی ئێستای
سووریا پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر لەو وڵاتە بێننەکایەوە، کە سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکان
لەخۆدەگرێت، هەروەها رایگەیاند، نایانەوێت سووریا دابەشبکرێت و هیچ لایەنێکی بیانی
لە سووریا بوونی هەبێت.
یەسنا ئومێد – كەنال8