55 دیمانە

هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق و لێکەوتەکانی

01:27 - 02/02/2025

زەمەن -دیمانە

 

ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دا کە ژمارەیەک بڕگە و ماددەی جیاوازی لە خۆ گرتووە و ئەمەش لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.

یاساکە لە کۆمەڵێک ماددە و بڕگەی جیاواز پێکهاتووە بەڵام ئەوەی زیاتر مشتومڕ و ناڕەزایەتی لێکەوتەوە بابەتی هاوسەرگیریی بوو کە بەپێی هەمواری یاساکە، ڕێگا بە کوڕان و کچانی بچووک دەدرێت کە هاوسەرگیریی ئەنجام بدەن و بە بالغبوون ناوی هاتووە، زانایان و یاساناسان تەمەنی بالغبوونی کچان بە تەمەنی نۆ ساڵی و کوڕانیش بە تەمەنی ١٥ ساڵی دەبەستنەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێم و دەستەی دەستپاکی لێکەوتەوە و جەخت لەسەر هەوڵەکانییان دەکەنەوە بۆ هەڵوەشانەوەی یاساکە.

لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان-عێراق دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەوەستێتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموارکردنەوەکە نەگونجاوە و لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ئەمڕۆ ناگونجێت و دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئەم یاسایە لە هەرێم جێبەجێ ناکرێت. هاوکات سەرۆکی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێم ئەوە دەخاتەڕوو کە جگە لەوەی یاساکە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و بەتایبەتیش مافی منداڵی تێدایە، ڕاشیدەگەیەنێت کە بەم هەموارکردنەوەیە عێراق ڕووبەڕووی شەرمەزاری دەبێتەوە لە دەرەوەدا، هەروەها یاساناسێکیش پێیوایە ئەم یاسایە بابەتی تایفەگەریی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان قوڵتر دەکاتەوە.

ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان-عێراق، دکتۆر حەسەن خۆشناو لەمبارەیەوە وتی: "بەداخەوە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕێگای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی کۆمەڵێک گۆڕانکارییان لەم یاسایەدا کرد، بە بۆچوونی ئێمە بەشێک لەم گۆڕانکارییانە نەگونجاون و لە شوێنی خۆیان نین، یەکێک لەوانە بەشوودانی کچانی تەمەن بچووکە واتا تەمەنی نۆ ساڵی، ئێستاش کچی نۆ ساڵی خەریکی یارییکرنە لەناو منداڵان و، ناکرێت بەپرسیاریەتی خێزانی پێ بسپێری و بیکەیتە دایک، ئەمە شتێکی خراپە و نەگونجاوە و لە ڕووی ئایینییەوە و لە مەزهەبی ئێمە لەگەڵ بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام ناگونجێت، بۆیەش بە شوودانی منداڵی بچووکی کچ قەدەغەیە و ڕێگاپێدراو نیيە لەلای ئێمە وەک ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم، لەبەر ئەوەشە ئەم بڕگەیە لەلای ئێمە وەکو هەرێم کاری پێ ناکرێت چونکە بە نا جائیز و نا دروستمان داناوە و پێمان وایە بڕیارێک بوو لە شوێنی خۆیدا نەبوو".

لەبارەی ئەوەی لە هەموارکردنەکەدا، پشتیان بە چی بەستووە، دکتۆر حەسەن خۆشناو وتی: "لە مەزهەبەکانی ئیسلامدا جیاوازی هەیە لە نێوان شیعە و سوننە و جەعفەری، دیارە ئەوانە وەک مەزهەبی جەعفەری هەندێک ڕێگایان دۆزیووەتەوە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن و تەشریعی ئەم فەتوایەی پێ بکەن، کە بێگومان ئەمە ناپەسەندە و گونجاویش نيیە لەگەڵ شارستانیەت و پێشکەوتنی ئەمڕۆ، بە تایبەت کە ١٥ ساڵیان بۆ کوڕ داناوە، کوڕیش لەم تەمەنەدا نەگونجاوە بیخەیتە ژێر بەرپرسیاریەتیی، بەداخەوە ئەوانە واقعی مرۆڤەکانییان نەخوێندووەتەوە، چونکە مرۆڤ کە باڵغ دەبێت تەکلیفی دەکەوێتە سەر، کچێک لە نۆ ساڵییەوە کە بالغ نەبووە و تەکلیفیی لەسەر نيیە، چۆن دێی تەکلیفی لەسەر دادەنێی؟".

ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم، دکتۆر حەسەن خۆشناو وتیشی: "بە شوودانی کچی منداڵ، لە ڕووی بایۆلۆجی و جەستەییەوە کاریگەرییەکی نەرێنی دەبێت، هەروەها لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە لێکەوتەی زۆر خراپی دەبێت، چونکە ئەم کچ و کوڕە ناتوانن خێزان بەڕێوەببەن و ئەم کاتە شیرازەی خێزان و کۆمەڵگا تێکدەچێت و هیوادارین ئەمانە پێداچوونەوەیەکی پێدا بکەن".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم ئاماژە بەوەش دەکات کە بەر لە هەموارکردنەکە هەموو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، بەشێکی زۆر لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و بەشێکی زۆر لە ناوەندە ئیسلامییەکان بانگەوازی ئەوەیان کرد کە ئەم هەموارکردنەوەیە نەکرێت بەڵام هەر کرا.

هاوکات سەرۆکی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان-عێراق، دکتۆر مونا یاقو پێی وایە کە ئەمە جگە لەوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەم هەموارکردنە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییانە یەکناگرێتەوە کە عێراق واژووی لەسەر کردووە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لێکەوتەی خراپی کۆمەڵایەتی و تەندروستی لێدەکەوێتەوە سەرەڕای شەرمەزارییەکی زۆر بەرامبەر دونیای دەرەوە.

هاوکات سەرۆکی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێم، دکتۆر مونا یاقو لەبارەی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی لە عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم یاسایە کە پێشتر خوێندنەوەی بۆ کرا بوو، بینیمان پشێوی زۆری دروست کرد، دیار بوو کە یاسایەکی ئاسایی نیيە وەک هەر یاسایەکی دیکە، چونکە دوو بەرەی جیاوازی دروست کرد، پێویستە ئەگەر کێشەیەک لە هەر وڵاتێک هەبێت ئەوا بگەڕێنەوە سەر دەستوور بۆ چارەسەرکردن، بەڵام دەستووری عێراق بەوە ناسێندراوە کە قەیرانەکان دەخوڵقێنێت و چارەسەری قەیران ناکات چونکە زۆر شت لەناویدا هەیە کە دژ بە یەکترن بۆ نموونە ماددەی دووی دەستوور کە باسی سەوابتی شەریعەی ئیسلام یان ماف وئازادییەکان دەکات، دەبینین دواتر دەگەڕێتەوە شتێکی دیکە دەڵێت، ئەمە وا دەکات کە قەیران چارەسەر نەکات و دروستی بکات".

دکتۆرە مونا یاقو گوتیشی: "کە دەگەڕێینەوە پێگەی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیەکان لەناو عێراقدا ئەویش لە دەستووری عێراقدا ڕوون نيیە، دەبووایە پێگەیەکی باشتر بدرێتە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی کاتێک ئەمڕۆ وەک مافی مرۆڤ کە باسی شووکردن و تەمەنی هاوسەرگیری دەکەین، ڕەنگدانەوەی ناو ئەو ڕێککەوتننامانە بووایە کە عێراق واژووی لەسەر کردووە بەڵام دەستووری عێراق بە ڕستەیەکی زۆر کورت نوسیوویەتی عێراق ڕێز دەگرێت لە پابەندییە نێودەوڵەتییەکان، بێگومان ئەمە ڕستەیەکی زۆر ناڕوونە".

لەبارەی هاوسەرگیریی بۆ کچانی تەمەن بچووک، دکتۆرە مونا یاقو گوتی: "ئەم یاسایە کە دەنگی لەسەر درا، بە ڕاشکاوی لەناویدا نەهاتووە کە لە نۆ ساڵییدا کچ بە شوو دەدرێت بەڵام کە دەگەڕێینەوە سەر مەوسوعەی فیقهی مەزهەبەکان دەبینین مەزهەب هەیە ڕێگا دەدات تەنانەت لە تەمەنی دوو ساڵییدا دەکرێت کچێک مارە بکرێت، بەڵام مافی ئیستیمتاع (چێژوەرگرتن) دوای خستووە بۆ ٩ ساڵی، ئەم بەڵگەیەش لە هەندێک سەرچاوەدا هەیە، بۆیە ئەم تەمەنی هاوسەرگیرییە کێشەیە و لەگەڵ ڕێکكەوتنامە نێودەوڵەتتیەکان ناگونجێت بۆ نموونە ڕێککەوتنامەی مافی منداڵ ساڵی ١٩٨٩ دەرچووە و عێراق پەسەندی کردووەتەوە و پابەندە پێیەوە، لەناو ئەم ڕێککەوتنە باسی منداڵ کراوە کە هەتا تەمەنی ١٨ ساڵی بە منداڵ هەژمار دەکرێت، واتا ناکرێت باسی هاوسەرگیریی لەگەڵ بکرێت، بەڵام دەبینین لەم یاسایە شتێکی دیکەیە".

دکتۆرە مونا یاقو وتیشی: "ڕێککەوتننامەی سیداو کە ساڵی ١٩٧٩ دەرچووە و لە ساڵی ١٩٨٦ عێراق پەسەندی کردووە، دیسان باسی هاوسەرگیری منداڵ دەکات، کەواتا لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە شەرمەزاری ئەم وڵاتانە دەبین کە ڕێککەوتننامەکانییان لەلایەن عێراقەوە واژووی لەسەر کراوە، جگە لەوەش بەڕاستی وەک دایکێک هەست دەکەم ئەمە کارەساتێکی گەورەیە بەسەر منداڵەکانمانەوە، چونکە دەبێت دەرفەتی خوێندن و پەروەردەیەکی باشیان پێبدەین نەک بچین باسی هاوسەرگیرییان لەگەڵدا بکەین".

سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان-عێراق پێیوایە ئەم یاسایە لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتەوە و لە ڕووی تەندروستی و کۆمەڵایەتیشەوە خێزانەکان ڕووبەڕووی قەیرانێکی دیکە دەکاتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەم یاسایە لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتەوە چونکە ئەوەی تەمەنی نۆ ساڵ بێت هێشتا منداڵە و پێویستی بەو هەیە کەسێک ئاگاداری بێت و پەروەردەی بکات، هەروەها لە ڕووی تەندروستیشەوە ئەو منداڵە هێشتا ئەندامەکانی جەستەی بە جوانی گەشەی نەکردووە و ئامادە نيیە، هاوکات لە ڕووی دەروونیشەوە ئەم منداڵە کاتێک تووشی پابەندی خێزانیی دەبێت ئەوا لێکەوتەی نەرێنی لێ دەکەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا من وەکو دایکێک شەرم دەکەم بڵێم لە وڵاتێکدا دەژیم کە یاساکەی ڕێگا بە منداڵ دەدات بۆ ئەوەی شوو بکات".

دوای هەموارکردنەوەی یاساکە، نەتەوەیەکگرتووەکان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و لەبارەی هەڵوێستیان لەسەر بەیاننامەکە، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ گوتی: "بەیاننامەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان بەیاننامەیەکی شەرمنانە بوو کە ڕازی نيیە بەم بابەتە، ئەم بەیاننامە زۆر درەنگ بوو، دەبوو پێش دانیشتنی پەرلەمان و دەنگدان بۆ هەموارکردنەکە، ئەوان هەڵوێستیان هەبووایە و کاریگەریان هەبووایە، کاتێک کە بەیاننامەیەک دەردەکەن دەبووایە زیاتر ئەو بەڵگانەی لەگەڵ دابنرێت کە دەیسەلمێنن ئەم بابەتە ناگونجێت لەگەڵ ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و قبوڵیش ناکرێت کە عێراق بەم شێوەیە پابەندیی هەبێت بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، بۆیە بەیاننامەکەیان لاواز بوو، بە دڵمان نەبوو".

پارێزەرێکی ڕاوێژکار جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموارکردنەکە کەموکوڕیی زیاتر دروست دەکات تا چارەسەری کێشەکان، جەختیش لەوە دەکاتەوە بەشێک لە بڕگەکانی هەیبەت بۆ دادگاکان ناهێڵێتەوە.

پارێزەری ڕاوێژکار جەلالەدین شێخ زادە لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عێراق، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یاسایەکە لە ساڵی ١٩٥٩ دەرچووە و ئەگەرچی تەمەنێکی زۆری بەسەردا تێپەڕیووە بەڵام تا ئێستاش یاسایەکی تۆکمەیە و کەمترین کێشەی دروستکردووە لە کۆمەڵگادا، حەق وایە کاتێک بیر لە هەموارکردنەوەی یاسایەک دەکرێتەوە بەشێوازێک بێت ئەگەر کەموکوڕییەک هەبێت چارەسەر بکرێت و باشتر بکرێت بەڵام بەڕاستی من سەیری هەموارکردنەکە دەکەم نەک چارەسەری کەموکوڕیی نەکردووە بەڵکو کەموکوڕیی لە یاساکەدا زیادکردووە و بەم شێوەیەی کە کراوە کێشەی زۆر گەورە دروست دەکات".

ئەو پارێزەرە گوتیشی: "بەپێی یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ کوڕ و کچێک تەمەنیان نەگاتە تەمەنی یاسایی کە ١٨ ساڵە ناتوانن هاوسەرگیری بکەن لە یەک حاڵەتدا نەبێت کە کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ بە حالەتێکی تایبەت و بە ڕەزامەندی وەلی ئەمر (دایک و باوک) و دادوەر دەتوانرێت هاوسەرگیرییەکە ئەنجام بدرێت بەپێی ئەو یاسایەی کە ئێستا بەرکارە، بەڵام ئەو یاسایەی کە ئەوان هەمواریان کردووە، جارێ چوارچێوەیەکی نەگۆڕی نیيە و بەستوویانەتەوە بەوە کە لەماوەی شەش مانگ هەردوو وەقفی شیعی و سوننی بۆچوونی خۆیان بنووسن و ئەوا بکرێتە بەشێک لە یاساکە، چونکە ئیستا نەگوتراوە تەمەنی ٩ ساڵ بەڵکو دەڵێت بالغبوون، بەپێی مەزهەبی شیعی تا نۆ ساڵیش جائیزە کچ مارە بکرێت. ئەمەش کێشەیەکی گەورە دروست دەکات".

لەبارەی لێکەوتە یاساییەکانەوە، پارێزەر جەلالەدین شێخ زادە گوتی: "بە دڵنیاییەوە کێشەی گەورە لە کۆمەڵگا دروست دەکات، ئێستا ڕێژەی تەڵاق بەرزە، بێگومان کاتێک کچێکی تەمەن نۆ ساڵ هیچ نموونەیەکی عەقڵیەتی هاوسەرگیریی نيیە و ناتوانێت بەردەوامی پێبدات، ئەوا کێشە دروست دەبێت و زوو جیابوونەوە ڕوودەدات، لەم حاڵەتەدا منداڵەکانیش دەبنە قوربانی و ڕێژەی منداڵی بێ دایک و باوک زۆر دەبێت".

لە بڕگەیەکی یاسا هەموارکراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە کچ و کوڕێک دەتوانن گرێبەستی هاوسەرگیریی لەدەرەوەی یاسا ئەنجام بدەن و دواتر بیبەن لە دادگا پەسەندی بکەن، لەبارەی ڕۆڵی دادگا لەم بابەتە، پارێزەر جەلالەدین شێخ زادە گوتی: "ئەمە یەکێکە لە کێشەکانی دیکە، بەپێی یاسای بەرکار، گرێبەست لە دەرەوەی دادگا، بە کەتن هەژمار دەکرێت و ئەوەیشی کە گرێبەستەکەی کردووە و مامەڵەی کەسێکی لەگەڵدا دەکرێت کە کەتنێکی ئەنجامداوە و لە ڕووی یاساییەوە سزای لەسەرە، بەڵام بەم هەموارە تازەیە ڕێگا دەدات هەر کەسێک لە دەرەوەی یاسا گرێبەستی هاوسەرگیری بکات بۆ هەر تەمەنێک بێت و دواتر بەپێی یاساکە لە دادگا پەسەند دەکرێت، بێگومان لەم حاڵەتەدا هەیبەت بۆ دادگا نامێنێت، ئەمە ڕێگا خۆش دەکات کە بابەتی فرەژنی ئاسان بێت و ئەو مەرجانەی کە ئێستا لە هەرێم هەیە بۆ هێنانی ژنی دووەم، ئەوکات نایانگرێتەوە".

شێخ زادە وتیشی: "کێشەیەکی دیکە بریتییە لە بابەتی دایانی منداڵ، ئیستا بەپێی یاسا، منداڵ تا تەمەنی ١٥ ساڵیی لای دایک دەبێت و دایک سەرپەرشتی دەکات، بەڵام بەپێی هەموارکردنەکە لە تەمەنی ٧ ساڵی بە دواوە منداڵ دەدرێت بە باوک، بەم شێوەیە منداڵ لە ناز و پەروەردەی دایک مەحروم دەکرێت و ئەمەش کێشەیەکی دیکە بۆ کۆمەڵگا دروست دەکات".

پارێزەر جەلالەدین شێخ زادە ڕاشیگەیاند کە: "هیمەت و هاوکارییەکی گشتی دەوێت بۆ کارکردن لەسەر هەڵوەشانەوەی ئەم یاسایە چونکە ئەمە کۆمەڵگای عێراقی دابەش دەکات بەسەر تایفەگەریی و بابەتەکە قوڵتر دەکاتەوە و خێزان هەڵدەوەشێنێتەوە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن