ساسان عەونی: پرۆژەی 100 مەتریی سلێمانی جێی بایەخی سەرۆكی حكوومەتە و حكوومەت بودجەی پێویستی بۆ دابین دەكات
10:10 - 23/06/2022
زهمهن_سلێمانی
وەزیری شارەوانی رایگهیاند، پرۆژەی
100 مەتریی سلێمانی جێی بایەخی سەرۆكی حكوومەتە و حكوومەت بودجەی پێویستی بۆ دابین
دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی حوزەیرانی 2022، ساسان عەونی،
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری شاندێكی وەزارەت كە پێكهاتبوون لە ڕاوێژكار
و بەڕێوەبەرانی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، دیوان، نەخشەدانانی ئاوەدانی، پلان و بەدواداچوون،
پرۆژەكان و ژمارەیەك بەڕێوەبەری دیكەی ناو وەزارەت سەردانی شاری سلێمانی كرد و
دواتر پرۆژەی 100 مەتریی سلێمانی بەسەركردەوە.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر پرۆژەی شەقامی
100 مەتریی سلێمانی، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: لەمیانەی سەردانەكەماندا
بۆ شاری سلێمانی، بە پێویستمانزانی لە نزیكەوە سەردانی پرۆژەی شاڕێی بابان، شەقامی
100 مەتریی سلێمانی بكەین بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لەگەڵ لایەنی بەرپرس و فەرمانگەی ئەندازیاری
نیشتەجێ و كۆمپانیای قەیوان لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردن و بەرەوپێشچوونی ئەو پرۆژەیە
بكۆڵینەوە و ئاگاداری بین. گوتیشی: ئەوەی جێی خۆشحاڵییە پرۆژەكە 50%ی كارەكانی جێبەجێ
بووە و كاری خۆڵكاری و تێكەڵەكردن، بەشی زۆری تەواو بووە و هەوڵ دەدرێت قۆناغەكانی
داهاتووش لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا تەواو ببن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: ئەوە دەرفەتێكی
زۆر باشە وەكوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای سلێمانی و سەرۆكایەتیی
سلێمانی لە نزیكەوە پرۆژەیەكی ستراتیژی گەورە بەسەر دەكەینەوە، لێرەدا دووپات لە سیاسەتی
حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە كە دەخوازین هەموو پرۆژە گەورە و ستراتیژییەكان
لەلایەن وەبەرهێنەران و سەرمایە و دەستیكاری خۆماڵی جێبەجێ بكرێن. گوتیشی: هیوادارین
لە ئاییندەیەكی نزیكدا تەواوكردنی ئەم پرۆژە گرنگ و كوردستانییە بۆ شاری سلێمانی بە
تەواوكراوی ببینین و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەموو پشتیوانی و پشتگیری و
كارئاسانییەك پێشكەش دەكات.
ساسان عەونی، گوتیشی: پرۆژەی 100 مەتری سلێمانی
جێی بایەخی ئەنجوومەنی وەزیران و جەنابی سەرۆكی حكوومەتە و دوا بڕیاریش كە لە ئەنجوومەنی
وەزیران دەرچووە، 83% داهاتی فەرمانگەكان بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخان دەكرێت و پارەی پێویستی
بۆ دابین دەكرێت، هەر بودجەیەكیش پێویست بێت بۆ تەواوكردنی بە دڵنیاییەوە حكوومەتی
هەرێمی كوردستان درێغی ناكات.