696 جیهان

گەورەترین و هەستیارترین تەلسکۆب بەرەو بۆشایی ئاسمان بەڕێدەکەوێت

02:00 - 25/12/2021

زەمەن _ جیهانی
دانا حەمە عەزیز

سەعات 12:20 ی ئەمڕۆ بە کاتی گرینج، لە ڕوداوێکی مێژووی گەورەدا، گەورەترین و هەستیارترین تەلسکۆب بەرەو بۆشایی ئاسمان بەڕێدەکرێت.

تەلسکۆبی "جەیمس وێب"  10 ملیار دۆلاری تێچوە کە بەرهەمی 30 ساڵ لیکۆلینەوە و کارکردنی ئەمریکا و ئەوروپا و کەنەدایە. تەلسلۆبەکە بە قەبارە گەورەترینە و، پانیی ئاوێنە ئاڵتونییەکی ناوی، شەش مەتر و نیوە، هێزی بینین و شیکردنەوەی زۆر بەرزە. تەلسکۆبەکە بە موشەكی "ئاریان" ی ئەوروپی، لە بنکەی گۆیانای فرەنسی نزیك هێڵی ئیستیواوە هەڵئەدرێت.

 

 تەلسکۆبی وێب، لە خولگەیەکدا بە دوریی ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار کیلۆمەتر لە زەوەیی یەوە، بەدەوری ڕۆژدا دەسوڕێتەوە.

 

"جەیمس وێب" جێگەی تەلسکۆبی هابڵ ئەگرێتەوە کە 31 ساڵە لە خزمەتدایە. ئەم تەلسکۆبە قوڵتر و هەستیارتر لە هابڵ بە بۆشاییدا ڕۆدەچێت، لە مێژوی سیانزە ملیار و نیو ساڵی گەردون دەکۆڵێتەوە، توانای بینین و شی کردنەوەی ئەستێرە یەکەمەکان و نەوەکانیانی هەیە کە دوای "بیگ بانگ" بۆ یەکەم جار لە تاریکایی گەردوندا هەڵهاتن.

 

تەلسکۆبی وێب، بەمەبەستی گەڕان بەدوای ژیان لە شوێنی تر، دەتوانێت بە وردیی ناوەخنی بەرگە گازی هەسارەکان شی بکاتەوە.

 

وێب، ڕوانگەیەکی نوێ بە مرۆڤ ئەبەخشێت، وێنەیەکی نوێی ئەداتێ لەسەر نهێنییەکانی گەردون و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی کە ئەم گەردونە چۆن دروست بوو، لە کوێ هاتین و چۆن گەیشتینە ئێرە،  ئایا ئیمە تەنیاین یان ژیانی هاوشێوەی ئێرە و بونەوەری هاوشێوەی ئێمە لە شوێن و لەسەر هەسارەی تر هەن؟!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن