بەپەلە.. گەرما ١٠ هەزار کەسی کوشت
04:51 - 13/07/2026
زەمەن_هەواڵ
بەهۆی شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپڕووکێن لە مێژووی وڵاتانی ئەورووپادا، زیاتر لە 10 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ڕووبەرێکی فراوان لە دارستانەکان سووتاون.
بەپێی وتەی شارەزایانی کەشناسی، ئەو شەپۆلە گەرمایەی لە 20 بۆ 28ـی حوزەیران بەردەوام بوو، لە مێژووی ئەورووپادا خراپترین شەپۆل بووە، وای کردووە جگە لە زیادبوونی گیانلەدەستدان، بەرهەمهێنانی کارەباش کەم بێتەوە و فشارێکی زۆریشی خستووەتە سەر سیستمی تەندروستیی وڵاتان. پێگەی کۆپەرنیکۆس بۆ کەشوهەوا لەبارەی گەرمترین مانگی مێژووەوە ڕایگەیاند، حوزەیرانی ڕابردوو، گەرمترین مانگ بووە لە مێژووی وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژئاوا، ئەم ڕاگەیەندراوەش لە کاتێکدایە، ئێستا شەپۆلێکی دیکەی گەرما لەم وڵاتانە دەستی پێکردووە.
وڵاتانی ئەورووپا زیاتر لە 10,000 حاڵەتی گیانلەدەستدانیان بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی لە کۆتایی حوزەیران وڵاتەکانی گرتووەتەوە تۆمار کردووە، بەشی زۆری ئەو کەسانەشی کە گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 9,000 حاڵەتیان، تەمەنیان لە 65 ساڵ زیاتر بووە.
شارەزایانی کەشناسی لەبارەی هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ڕایانگەیاندووە، ئەگەر گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی چالاکییە مرۆییەکانەوە نەبووایە، ئەوا هەرگیز شەپۆلێکی لەم جۆرە ڕووی نەدەدا.
لە فەرەنسا حاڵەتی لەناکاو بۆ یەک لەسەر سێی دانیشتووانی وڵاتەکە ڕاگەیەندراوە، هۆکارەکەشی بەهۆی ئەو شەپۆلی گەرمایە بووە کە بووە هۆی دروستبوونی ئاگری دارستانەکان.
ژمارەی ئەو فەرەنسییانەی لە دۆخی سووردان کە بەرزترین حاڵەتی لەناکاوی پەیوەست بە گەرمایە، نزیکەی 26 ملیۆن کەسە.
سێ شەپۆلی گەرما لە ماوەی دوو مانگدا ڕووی لە فەرەنسا کردووە و بڕیارە تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت.
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئاگری دارستانەکان بە گشتی لە ئەورووپادا زیادیان کردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئاگر لە 25,000 هێکتار زەوی کەوتووەتەوە، ئەمەش دوو هێندەی ئەو ڕووبەرەیە کە تاوەکو ئەم کاتانەی ساڵی ڕابردوو کەوتبووەوە.
نوێترین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەش، لە دارستانی فۆنتینبلۆی باشووری پاریسە لە فەرەنسا، ئێستا سەرجەم هەوڵەکانیش خراونەتە گەڕ، تاوەکو بتوانن ئەم ئاگرە بەر لە لەناوبردنی دارستانەکە کۆنترۆڵ بکەن.
هەر بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەورووپادا، حاڵەتەکانی خنکانیش زیادیان کردووە، لە ئەڵمانیا 99 کەس لە ماوەی مانگی حوزەیراندا لە ئاودا خنکاون، ئەمە بەرزترین ئامارە لە ساڵی 2003 تاوەکو ئێستا تۆمار کرابێت.
ئەڵمانیاش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی پلەکانی گەرما لە مانگی حوزەیراندا تێیدا بەرز بوو و لە هەندێک ناوچە گەیشتە 42 پلەی سیلیزی. لە ئیسپانیاش 11 کەس بەهۆی ئاگری دارستانەکانەوە گیانیان لەدەست دا، 3 ئۆتۆمبێلیش سووتان کە کۆمەڵێک کەسی نەناسراویان تێدا بووە و تاوەکو ئێستا ناسنامەیان دیار نییە.