381 کوردستان

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: كاره‌ساته‌كه‌ی هه‌ولێر جێی نیگەرانی و سوڕسوڕمانە

05:26 - 17/12/2021

زه‌مه‌ن_سلێمانی


 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی قوربانییەكانی لافاوەكەی ھەولێر دەكات و دەڵێت، جێی نیگەرانی و سورسوڕمانە حكومەتی ھەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان پلانیان نەبوو بۆ رێگری كردن یان كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی كارەساتەكە.


ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیانراوێكدا بڵاویكردەوە، بە ناوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە پرسەو سەرەخۆشیمان ئاراستەی خانەوادەی قوربانییەكانی لافاوەكەی پارێزگای ھەولێر دەكەین و ھاوخەمی و ھاوسۆزیمان بۆ زیانلێكەوتوان رادەگەیەنین.

ئاماژە بە ئەوەشدەكات، بەداخەوە لافاوەكەی ئەمجارە سەرەڕای زیانی مادی زیانی گیانیشی لێكەوتەوە و ماڵوحاڵی خەڵك زیانی زۆری پێگەیشت.

لە ڕاگەیانراوەكەدا ئەوەش هاتووە، جێی نیگەرانی و سورسوڕمانە كە حكومەتی ھەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان پلانیان نەبوو بۆ رێگری كردن یان كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی ئەم كارەساتە، ئەگەرچی پێشوەختە پێشبینی كراو بوو.

ئەنجومەنەكە داوای قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووان دەكات و دەڵێت، ھیوادارین پەلە بكرێت لەبەھاناوەچون و قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوان و بۆ دۆزینەوەی تەرمی خنكاوەكان ، پلانی وردتر دابنرێت تا كارەساتی لەمجۆرە دووبارە نەبێتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەهۆی بارانی به‌خوڕ لافاو لە هەولێر  دروستبوو و به‌پێی ئاماره‌كان، 11 كەس گیانیان لەدەستداوه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن