هەواڵێکی باش لەبارەی مووچەی مانگی حەوت
04:59 - 19/07/2026
زەمەن_هەواڵ
بڕیارە ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی تەممووز (٧) ڕەوانەی بەغدا بکرێت و لە چەند رۆژی داهاتووشدا مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش دەکرێت.
ئەمرۆ یەکشەممە، ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٦، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم بە ''زەمەن''ی ڕاگەیاند: ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تەرازووی پێداچوونەوە رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێت.
وتیشی: لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی بتوانن رێکارەکانی وردبینی لە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە بە خێرایی تەواو بکەن و مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش بکەن.
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست و ئەوانەی لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچەیان پێ دەدرێت، ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد، هەموو هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بۆ ئەوەی داهات کۆ بکرێتەوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش بکەن.
راشیگەیاند: هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی تەواو چڕ کراونەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست زیاتر دوا نەکەوێت و ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی لەسەر داهاتی ناوخۆن دابەش بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە ٤٢ هەزار مامۆستای گرێبەستی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن و مانگانە پێویستیان بە نزیکەی ٢٥ ملیار دینار هەیە، هاوکات، سەرجەم ئەو فەرمانبەرە گرێبەست و هەمیشەییانەش مووچە وەردەگرن کە دوای یەکی تەممووزی ٢٠٢٤ دامەزراون.