بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێكی بۆیادی 25ی 7 بڵاوكردەوە
11:38 - 25/07/2026
زەمەن – هەواڵ
ئهمڕۆ (17) ساڵ بهسهر یهكهم بهشداری گۆڕان
له ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستاندا تێپهڕبوو، كه له یهكهم دهركهوتنیدا
توانی ٢٥ كورسی پهرلهمان مسۆگهر بكات.
دەقی پەیامی بزوتنەوەی گۆڕان:
پەیامی ساڵیادی 25ی تەمموز
بە بۆنەی 25/7 ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی
گۆڕانەوە، وێڕای پیرۆزبایی لە ڕێبوارانی ڕێگای چاکسازی و گۆڕانکاری، پەیامی خۆمان
بە کورتی ڕادەگەیەنین:
یەکەم:
بزووتنەوەی گۆڕان دەرەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی
کوردستان بوو دژ بە ستەم و نادادی. گردبوونەوەیەکی جەماوەری بوو لە دەوری ڕابەری کۆچکردو
نەوشیروان مستەفا و ئەو بەرنامە چاکسازییەی بۆ گۆڕانکاری لەم دەسەڵاتە داینابوو.
دووەم:
کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا سەرەتایەکی مەترسیدار
بوو بۆ لاوازبوونی بزووتنەوەکە بە هۆی فاکتەرە دەرەکی و ناوخۆییەکان.
لە دەرەوە: نەیارانی گۆڕانکاری بێ ترس و سڵەمینەوە
و کەوتنە دژایەتیکردنی ئاشکرا ونهێنی. نانبڕین و مووچەبڕینی لایەنگرانی گۆڕان و تەنانەت
هێرش و پەلاماری سەربازی بۆ سەر مەکۆکانی گۆڕان.
لە ناوخۆ: نەبوونی توانای سەرکردایەتیکردن، نەبوونی
کارکردن بە گیانی دەستەیی و ڕاوێژکردن لەگەڵ خەڵکی دڵسۆز، نەبوونی هاوسەنگی لە دابەشکردنی
ئەرکەکاندا، و نەمانی متمانەی خەڵک بە سەرکردەی خۆسەپێن و ناوچەگەر و تەکەتولچی. هەروەها
هاوپەیمانی سیاسیی پشتبەستوو بە بەڵێنی سەرکاخەز و بەشداریکردن لە حکومەت لە پێناو
دانانی دۆست و ئەحباب، زیاتر لە دژایەتییەکانی دەرەوە گۆڕانی بەرەو هەڵوەرین و
لاوازی برد.
سێیەم:
دوای هێنانەدی مەرامە تایبەتییەکانیان بۆ خۆ دەربازکردن
لە لێپرسینەوە و توڕەیی جەماوەری دڵسۆزی گۆڕان، پەرەیان بە ناکۆکییە ناوخۆییەکان
دا.
دەرەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزاکانیان پێ
قبوڵ نەکرا. ئەندامانی جڤاتی هەڵبژێردراوی گۆڕان بە زۆرینە داوای لێپرسینەوەیان لە
بەرپرسانی شکستی یەک لەدوای یەک کرد. لە کۆنگرەی ساڵی 2021 بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان
داوای کشانەوەی بەپەلە لەو حکومەتە کرا کە ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانی خەڵک وێرانتر دەکات.
بەم هۆیەوە گروپی شکستخواردووی خۆسەپێن بارگەوبنەیان
گواستەوە و کەوتنە بەکارهێنانی وەکالەتی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی
گۆڕان.
بەڵام ڕێبوارانی دڵسۆزی نەوشیروان مستەفا بە
توندی بە گژیاندا وەستان و ڕێگە نادەن چیتر ئەم گروپە بازرگانی بە ناوی نەوشیروان
مستەفا و ڕەنجی خەڵکی کوردستانەوە بکات.
چوارەم:
ئێستا دوای هەموو ئەم ساڵانە لە ماندوکردن و هەوڵدان
بۆ خۆسەپاندن، بە هۆی سەروەری یاسا لە دادگاکانی عێراق بە دەستی بەتاڵ لێی دەردەچن.
ئیتر کۆڵ نادەین تا تەواوی مافی گۆڕانخوازان و
خەڵکی دڵسۆزیان لێوەرنەگرینەوە.
پێنجەم:
گۆڕانخوازانی بەڕێز، هەلومەرجی سیاسیی ناوچەکە
ئێستا لە دۆخێکی خێرا و پڕ لە گۆڕانکاریدایە و خەڵکی کوردستانیش لە پریشکی ئەم جەنگە
بە دوور نییە. بۆیە خوازیار بووین ئێستا وەک هێزێک ئامادە بین لە ئاستی خواست و
چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا.
بەڵام بە داخەوە بە هۆی دوولەت بوون و نەمانی شەرعیەتی
یاسایی بزووتنەوەکە، لە ئێستادا تەنها لەگەڵ ئازار و نەهامەتییەکانی خەڵکدا ماوینەتەوە.
بەڵێن دەدەین کاتێکی زۆرمان نەماوە بۆ گەڕاندنەوەی
شەرعیەتی یاسایی و کۆتاییهێنان بەو دەردەی بەرۆکی بزووتنەوەکەی گرتووە. جارێکی تر
لە سایەی بەرنامەی سیاسی نەوشیروان مستەفا ڕوو لە خەباتی وەستانەوە دژ بە نادادی دەستینەوە.
لەم بۆنەیەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕێگای
گۆڕانکاری دادەنەوێنین.
سڵاو بۆ هەموو ئەو خەڵکە ماندو و تێکۆشەرە دەنێرین
کە ڕۆژانێک لە پێناو سەرخستنی بزووتنەوەکە قوربانیان بە سەر و ماڵی خۆیاندا دا.
دروود بۆ ڕۆحی پاکی ڕابەری کۆچکردوومان ڕەوانشاد
نەوشیروان مستەفا دەنێرین.
ئەگەرچی زۆر کەس بە هۆی ویستی تایبەتی و ترس و
هەڵپەرستی کاروانەکەیان بە جێ هێشت، بەڵام هەمیشە ئەو باوەڕەمان بە پتەوی ماوەتەوە
کە هێشتا خواستی گۆڕانکاری لە ناخی گەلەکەماندا زیندووە.
بزوتنەوەی گۆڕان