مهسرور بارزانی: ئینسان جگە لە شوکرانەی خوا ھیچی پێناکرێت
04:46 - 17/12/2021
زهمهن_ههولێر
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، بەهۆی بارانبارین و لافاوەکەی
ئەمڕۆی هەولێر، 11 کەس گیانیان لەدەست داوە و دەڵێت، "ئەمە کارەساتێکی سروشتییە
و ئینسان جگە لە شوکرانەی خوا ھیچی پێناکرێت."
لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، مەسرور بارزانی لە وتەیەکیدا
ڕایگەیاند، "دەستخۆشی لە وەزیرەکان و پارێزگار و بەڕێوبەرەکان دەکەم کە لە بەرەبەیانەوە
بەدەم ھاوڵاتیانەوە چوون و ھاوکارییان کردوون."
باسی لەوەشکرد، "لیژنەمان پێکھێناوە بۆ ئەوەی ئەگەر بەربەست بۆ ئاوەڕۆ
دروستکرابێت، ئەوا لێکۆڵینەوە بکەن و لایەنی کەمتەرخەم دەستنیشان بکەن".
مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو کە "ھێزەکانی زێرەڤانی و پێشمەرگەمان
راسپاردووە ھاوکاری زیانلێکەوتووان بکەن".
جەختیشی کردەوە "ئەوەی لە توانای حکومەت بێت درێغی ناکەین و ھاوکاری پێشکەش
دەکەین،ھیوادارم خەڵکی ھەولێریش لەگەڵمان بن".