227 کوردستان

سەرۆکی پەڕلەمان: ناکرێت فراوانکردنی شار بەشێوەیەکی ھەڕەمەکییانە ببێت

02:05 - 17/12/2021

زه‌مه‌ن - هه‌ولێر

▪️دەقی پەیامەکە:
زۆر بەداخەوە کە شەوی ڕابردوو، بەھۆی بەرزیی ڕێژەی بارانبارینەوە چەند گەڕەکێکی شاری ھەولێر ژێرئاو کەوتن و زەرەر و زیانێکی زۆری گیانی و مادی بەر خەڵکی ئەم گەڕەکە ھەژارنشینانە کەوت.
لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان، وێڕِای نیگەرانی و ھاوخەمیی خۆمان بۆ ئەم ڕووداوە دڵھەژێنانە و هاوبەشیی خەمی کەسوکاری قوربانیان، لێژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان ڕادەسپێرین کە بە زووترین کات بەدواداچوونی تەواو بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە و دووبارە و چەندبارەیە بکەن، کە بووەتە مایەی ھەڕەشەی گیانی و ماڵی بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر لەگەڵ ھەر بارانبارینێکدا، ھاوکات پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونێکی جدی بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە بکەن لە ڕەگ و ڕیشەوە، بە تایبەت کە ناکرێت فراوانکردن و گەورەکردنی شار بەشێوەیەکی ھەڕەمەکییانە ببێتە مایەی تێکچوون و شێواندنی تۆبۆگرافیای شارێکی دێرین و تەمەن ھەزاران ساڵ و گۆڕینی ئاڕاستە و ڕێڕەوەکانی ئاو تێیدا، بۆیە پێویستە ئەوەی ئێستا لە ئارادایە سنوورێکی بۆ دابنرێت و ڕابگیرێت و لە خزمەتی گەشەکردنی شار و ژێرخانی کەرتە خزمەتگوزارییەکان ئاراستە بکرێت و کەسانێکی شارەزای دوور لە بەرژەوەندی و بە ویژدانەوە پیشەییانە پلانی گەشەکردنی بیناسازیی شار دابنێن، بەجۆرێك ئارامی و دڵنیایی بە هەموو چین و توێژەکان ببەخشێت نەك گەڕەکە هەژارنشینەکان دوودڵ بن لەوەی نزا بکەن تەنانەت خوای گەورە بە ڕەحمەتی باران بەسەریان بکاتەوە.
د. ڕێواز فایق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
٢٠٢١/١٢/١٧

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن