عیراق

سەدر بەپێچەوانەی مالیكی و عامری ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسەند كرد

10:49 - 17/10/2021 79 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسەند کرد و وتی هەوڵی دروستکردنی حكومەتێكی دوور لە تائیفیەت دەدەن. ئەمە لەكاتێكدایە گروپی "چوارچێوەی هەماهەنگی" ئەنجامەكان رەتدەكاتەوە.

شەوی رابردوو، كۆمسیۆن ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی بڵاوكردەوە، موقتەدا سەدر، لە تویتێکدا پەسندکردنی بڕیارەکانی کۆمسیۆن و ئەنجامی هەڵبژاردنی راگەیاندو وتی"ئێستا کوتلەی سەدر گەورترین کوتلەی هەڵبژێردراوە".

رێبەری رەوتی سەدر، دەڵێت "لە پێکهێنانی حکومەتدا هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانێتی نیشتمانی دوور لە تائیفیەت و نەژادی دەدەن، ئێمە بەدوای هاوپەیمانی نیشتمانیدا دەگەڕێین، نە مەزهەبی و نە نەژادی، کە چاودێری پاراستنی وڵات و ئاسایش و سەروەرییەکەی دەبێت".

لەبەرامبەردا بەشێك لەلایەنە سەرەكیەكانی شیعە كە بە گروپی "چوارچێوەی هەماهەنگی" ناسراون ئەنجامی هەڵبژاردنیان رەتكردەوە.

گروپی "چوارچێوەی هەماهەنگی" كە پێكدێت لە هاوپەیمانی فەتح، دەوڵەتی یاسا، عەسائیبی ئەهلی حەق، كەتیبەكانی حزبوڵا و "نەهجی وەتەنی" و"عەقدی وەتەنی" و چەند گروپێكی دیكە، لە بەیاننامەیەكدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە بەرپرسیاری تەواو دەزانن لە شكستی هەڵبژاردنەكان.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە "هیواداربووین كۆمسیۆن پێشێلكارییە گەورەكان راستبكاتەوە كە لە كاتی ژماردنی دەنگەكان و راگەیاندنی ئەنجامەكانی ئەنجامیداون، ئێمە بە تەواوەتی ئەنجامەكان رەتدەكەینەوە و كۆمسیۆن بە بەرپرسیار دەزانین لە شكستی هەڵبژاردن و خراپی بەڕێوەبردنی پرۆسەكە، كە كاریگەری دەبێت لەسەر پرۆسەی دیموكراسی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی".
 
شەوی رابردوو، كۆمسیۆن كۆتایهاتنی ژماردنی دەستی دەنگەكانی لەسەرجەم وێستگەكانی دەنگدان راگەیاند.
 
عێراقییەكان رۆژی 10 ئۆكتۆبەر دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و كە پێنجەم هەڵبژاردن بوو لە دوای روخانی رژێمی بەعس، هەڵبژاردنەكە پێشوەختە بوو لە وەڵامی داواكاری خۆپیشاندەرانی عێراق بوو كە چەند مانگێكی خایاند.
 
هاوپەیمانی سائیرون، بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر لە پلەی یەكەمدایە و 73 كورسی بە  دەستهێناوە، هەندێك سەركردەی شیعە لەوانە هادی عامری ئەنجامی هەڵبژاردنیان رتكردوەتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن