182 کوردستان

یه‌ك ملیۆن و ٧٠٠ هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه

05:35 - 27/09/2021

زەمەن – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری ھەولێر رایگه‌یاند كه‌ له‌ نۆ مانگی رابردوودا، یه‌ك ملیۆن و ٧٠٠ هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه‌ و بە بەھای زیاتر لە ١١ ملیار دینار، پڕۆژەی گەشتیاریی لە شاری ھەولێر لە جێبه‌جێكردندان.


بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاریی ھەولێر بەبۆنەی رۆژی جیھانیی گەشتوگوزارەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیادا ھاتووە ''لە ئێستادا لە بەشێکی زۆری وڵاتان گەشتوگوزار بووتە یەکێک لە سەرچاوەکانی داھات، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە مێژوویەکی درێژیان ھەیە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی بواری گەشتیاریدا، بۆیە گەشتوگوزار گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت و رۆڵی ھەیە لە بووژانەوەی کەرتی ئابووریی، ھەروەھا بووه‌ته‌ سەرچاوەیەکی باشی داھات بۆ تاکەکه‌سیش، بۆیە ساڵانەش رێکخراوی گەشتوگوزاری جیھانیی ٢٧ی ئه‌یلوولی ھەموو ساڵێکی دیاریی کردووە بە رۆژی گەشتوگوزاری جیھانیی ھەرساڵێکیش بەدروشمی جیاواز یادەکە دەکەنەوه‌ کە ئامانج لێی هۆشیارکردنەوەی خەڵکە بەرامبەر بەکەرتی گەشتیاریی''.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری ھەولێر له‌باره‌ی دروشمی ئه‌مساڵیی ئه‌م بۆنه‌یه‌ ئاماژەی بەوەداوە کە بۆ ئەمساڵ بەدروشمی (گەشتوگوزار بۆ گەیشتن بەگەشەسەندنی تەواو) ئەم یادە ده‌كاته‌وه‌ و هاتووە "ئێمەش لە گەشتوگوزاری ھەولێر بەشانازییەوە ئەم یادە دەکەینەوە بۆ ئەوەی ھەمیشە بتوانین ببینە پاڵپشتییەکی بەھێزی کەرتی گەشتیاریی. بەداخەوە لە ساڵی رابردوودا، ھەروەھا لەئێستایشدا بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌، زەرەر و زیانێکی زۆر بە کەرتی گەشتیاریی لە جیھاندا کەوتووە کە بەنزیکەی چوار تریلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

 له‌ماوه‌ی رابردووشدا بەھۆی رێکارە تەندروستییەکان، کەرتی گەشتیاریی لە شاری ھەولێریش بێبەش نەبووە لەم زەرەر و زیانانە، بەڵام بەھەوڵی ھەموو لایەک توانیوومانە تاڕادەیەکی زۆر ھەوڵی کەمکردنەوەی ئەم زیانانە بدەین و بەردەوام بین لەکار و چالاکییەکانمان بۆیە تەنھا لەم ساڵدا تا سەرەتای مانگی ئەیلوول، نزیکەی یه‌ك ملیۆن و ٧٠٠ هه‌زار گه‌شتیار سەردانی شاری ھەولێریان کردووە، لەئێستایشدا بە بەھای زیاتر لە ١١ ملیار دینار پڕۆژەی گەشتیاریی لە شاری ھەولێر لە جێبه‌جێكردندان، جگه‌ لەوەش ھەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ کارپێکردن بە رێنمایی دامەزراندنی لەسه‌دا ٣٠ كارمه‌ندانی خۆماڵی لە بنکە گەشتیارییەکان بۆ ئەم مەبەستەش لەئێستادا لە گەشتوگوزاری ھەولێر خولی پێگەیاندن کراوەتەوە بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، بۆ راهێنان و ئاماده‌كردنییان له‌ بنكه‌ گه‌شتیارییه‌كان''.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر ئه‌وه‌یشی خستووته‌ڕوو كه‌ به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی گه‌شتوگوزاره‌وه‌، ئه‌مڕۆ پێشانگایه‌كی تایبه‌ت له‌ شاری دهۆك به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له‌ ٢٧ی ئه‌یلوولی ١٩٧٩ لە شاری گرمولینوسی ئیسپانیا لەلایەن رێکخراوی گەشتوگوزاری جیھانییەوە، ئه‌م رۆژه‌ وەک رۆژی گەشتوگوزاری جیھانیی بڕیاری لەسەردرا و لە ساڵی١٩٨٠ به‌دواوه‌، ساڵانە لەلایەن وڵاتان و رێکخراوی گەشتوگوزاریی جیھانییەوە ئەم یادە دەکرێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن