كازمی بۆ هاوڵاتیان: لەپێناو ئایندەی خۆتان و رۆڵەكانتان كارتی دەنگدان وەربگرنەوە
07:06 - 26/09/2021
زەمەن_عێراق
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای لە هاوڵاتییان کرد پەلە بکەن لە دەستخستنی کارتی دەنگدان تاوەکو بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا بکەن.
ئەم داوایەی مستەفا کازمی لە کاتێکدایە کە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
مستەفا کازمی لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە ئاڕاستەی گەلی عێراقی کردووە، نووسیوویەتی: "داواتان لێ دەكەم پەلە بكەن لە دەستخستنی كارتی دەنگدان لەپێناو ئایندەی خۆتان و رۆڵەكانتان".
سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە "دەنگی ئێوە سپاردەیە و بە فیڕۆی مەدەن، ئەوانەی هەوڵی چاكسازیی و گۆڕانكاریی دەدەن بەرەو باشتر، دەبێت بەشدارییەكی فراوان لە هەڵبژاردندا بكەن".
مستەفا کازمی لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی: "دەنگی ئێوە ئایندەی عێراقە".
کارتی دەنگدان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە دەدرێت بەو کەسانەی کە مافەی دەنگدانیان هەیە و کارتەکە سیمکارتێکی ئەلیکترۆنی تێدایه کە زنیارییە کەسییهكانی تێدا جێگیرکراوە و هیچ دەنگدرێک بەبێ بوونی ئەو کارتە مافی دەنگدانی نابێت.
هەرچەندە تەمەنی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ٢٠٢٢ کۆتایی دەهات، بەڵام دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩ کە حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەست لەکار کێشانەوە کرا، پارتە سیاسییەکان بڕیاریاندا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئایاری ٢٠٢٠ متمانەی بە حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی دا بۆ بەڕێوبردنی قۆناغی راگوزەر تاوەکو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت.
بەبێ داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کە لە ٣١ی تەمووزی رابردوودا بڵاوی کردبوویەوە، سێ هەزار و ٢٤٩ کاندید لە رێگەی ٢١ هاوپەیمانی و ١٠٩ پارتی سیاسیی لەگەڵ بێلانەکان کێبڕکێ دەکەن لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
پێشتریش عەبد حوسێن عەبد ھینداوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ھەڵبژاردنەکان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندبوو، حکومەت پاداشت دەدات بە ھەر دەنگدەرێک ئەگەر سەردانی ناوەندەکانی تۆماری دەنگدان سەر بە کۆمیسیونی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بکات، تا کارتی دەنگدانەکەی وەربگرێتەوە.
عەبد حوسێن ھینداوی، ئاماژەی بەوەش دابوو کە حکومەت سوورە لەسەر ئەوەی کە سەرجەم دەنگدەران بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی مانگی داھاتوودا بکەن و وتی: "لەو باوەڕهداین کە رێژەی بەشداریی کردن لە پڕۆسەکەدا باش دەبێت".