زیاتر لە 60 ملیۆن ئەڵمانی دەنگدەدەن
06:06 - 25/09/2021
زەمەن_جیهانی
سبەی هاوڵاتییانی ئەڵمانیا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ٢٠مین ئەنجوومەنی فیدڕالی وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن کە ئەویش بەرپرسیارە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
٦٠،٤ ملیۆن کەس لە ئەڵمانیا مافی دەنگدانیان هەیە و لە ١٦ هەرێمی ئەو وڵاتەدا لەڕێی ٨٥ هەزار سندوقەوە نوێنەری خۆیان دیاری دەکەن.
دەنگدەران یەکەم دەنگیان دەدەنە کاندیدی هەرێمەکەیان و دووەم دەنگیشیان دەدەنە ئەو پارتەی لایەنگری دەکەن، لە ٤٧ پارتی جیاوازدا شەش هەزار و ٢١١ کاندید لە کێبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانی ٥٩٨ کورسی پەرلەمان.
هەڵمەتی دەنگدان لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە دەستپێدەکات و لە کاتژمێر شەشی ئێوارەدا کۆتایی دێت و لە هەڵمەتەکەدا رەچاوی سەرجەم رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت.