30 کوردستان

دوو پەرلەمانتاری «رەوتی هەڵوێست» سکاڵای یاسایی لە دژی عەلی حەمەساڵح تۆمار دەکەن

03:36 - 01/07/2026

زەمەن - هەواڵ

دوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست لە پەرلەمانی کوردستان بە ناوەکانی "سارا موحسین" و "سازگار فایەق"، بە فەرمی سکاڵایەکی یاساییان لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە دژی عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی رەوتەکە تۆمار کرد.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەو سکاڵایەدا هاتووە، هۆکاری تۆمارکردنی ئەم سکاڵایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لێدوان و هەڕەشانەی کە عەلی حەمەساڵح لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ئاراستەی ئەو دوو پەرلەمانتارەی کردووە.

لە ناوەڕۆکی سکاڵاکەدا هاتووە، عەلی حەمەساڵح لە لێدوانەکەیدا رایگەیاندووە؛ هەر پەرلەمانتارێکی رەوتەکەیان ئەگەر رێڕەوی سیاسی خۆی بگۆڕێت یان جیاواز بیر بکاتەوە، ئەوا "کەرامەتی دەشکێنن" بە جۆرێک نەتوانێت بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگا.

پەرلەمانتارەکان لە سکاڵاکەیاندا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەو وتانەی سەرۆکی رەوتەکەیان، تەنها هەڕەشەیەکی سادە نییە، بەڵکو بە پێشێلکارییەکی روونی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو پەیماننامە و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی مافی مرۆڤ دادەنێن کە هەرێمی کوردستان پابەندە پێیانەوە.

تا ئێستا عەلی حەمەساڵح وەک سەرۆکی رەوتی هەڵوێست وەڵامی فەرمی بۆ ئەم سکاڵایە نەبووە، چاوەڕوانیش دەکرێت دەستەی مافی مرۆڤ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەم دۆسیەیە بکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن