لە سبەینێوە پلەکانی گەرما دادەبەزن
01:48 - 06/07/2026
زەمەن_هەواڵ
کەشناسی ڕایگەیاند: لە سبەینەوە پلەکانی گەرما (١_٢) پلە دادەبەزن و تا ٣٦ پلە، پلەی گەرما دیتەخوارەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٦ی تەمووزی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردەوە، سبەی پلەکانی گەرما بە نزیکەی (١-٢) پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە، ئەم نزم بوونەوەیە بە جێگیری دەمێنێتەوە تا ڕێکەوتی (١٠ی٧) لەم ماوەیە بەرزترین پلەکانی گەرمای سەنتەری پارێزگاکان لە ژێر ٤٠ پلەی سیلیزی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەرزترین پلەکانی گەرمای ناوچە شاخاوییەکان لە ژێر ٣٦ پلەی سیلیزی و ئیدارەی گەرمیانیش لە ژێر ٤٥ پلەی سیلیزی دەبێت.
دەشڵێت: لە دوای بەرواری ١٠ی تەمووزەوە، بەرزبوونەوەیەک هەیە لە پلەکانی گەرما بە نزیکەی (٢_٤) پلەی سیلیزی، لە ئێستادا ناوچەکەمان بە گوێرەی نوێترین پێشبینیەکان لە ژێر هیچ شەپۆڵێکی گەرمادا نیە .