دادگای سلێمانی لەسەر كەیسەكەی دكتۆر میران رونكردنەوە دەدات
09:26 - 14/09/2021
زەمەن_سلێمانی
سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی رایدەگەیەنێت تۆمەتەكانی سەر د.میران محەمەد رەت نەكراونەتەوەو دۆسییەكە بە ھیچ شێوەیەك دانەخراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ دادگای دەستپاكی.
سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: لە چەند كەناڵێكی راگەیاندن هەواڵێك بڵاو كراوەتەوە گوایە دادگای تەمیز فەرمانی دەستگیردنی د.میران محەمەدی هەڵوەشاندوەتەوە و تۆمەتەكانی رەتكردووەتەوە.
دادگاكە دەڵێت: تۆمەتەكان رەت نەكراونەتەوە و دۆسییەكە بە ھیچ شێوەیەك دانەخراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ دادگای دەستپاكی بۆتەواو كردنی رێكارە یاساییەكان.
سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، جەختدەكاتەوە، دادگا لەبڕیارەكانیدا سەربەخۆیی تەواوی هەیە و بەپێی یاسا و بەگوێرەی ئەو سكاڵا و بەڵگانەی دەخرێتە بەردەستی كار دەكات و لەسەر داوای هیچ كەسێك و لەخۆڕا دۆسیە ناكاتەوە و دۆسیە داناخات.
رۆژی پێنجشەممە 29-07-2021 دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لە سلێمانی، بڕیاری دەستگیركردنی دكتۆر میران محەممەد عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی تەندروستیی سلێمانی، دەركرد.
بڕیارەكە بەپێی ماددەی 15 لە یاسای دەستەی دەستپاكی بوو، بە تۆمەتی "تێوەگلانە لە دۆسیەی گەندەڵی و سپیكردنەوەی چەكی پارە و خەرجكردنی چەكی بەڵێندەران كە شیاوی خەرجكردن نەبووە".
دەقی رونكردنەوەكە:
روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی ..
لە چەند كەناڵێكی راگەیاندن هەواڵێك بڵاو كراوەتەوە گوایە دادگای تەمیز فەرمانی دەستگیردنی د میران محەممەدی هەڵوەشاندوەتەوە و تۆمەتەكانی رەتكردووەتەوە، بەپێویستمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بۆ بەرچاوڕوونی هەموو لایەك بخەینەڕوو:
١ تۆمەتەكان رەت نەكراونەتە و دۆسییەكە بە ھیچ شێوەیەك دانەخراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ دادگای دەستپاكی بۆتەواو كردنی رێكارە یاساییەكان.
٢- دادگا لەبڕیارەكانیدا سەربەخۆیی تەواوی هەیە و بەپێی یاسا و بەگوێرەی ئەو سكاڵا و بەڵگانەی دەخرێتە بەردەستی كار دەكات و لەسەر داوای هیچ كەسێك و لەخۆڕا دۆسیە ناكاتەوە و دۆسیە داناخات.
٣) یاسا لەسەرووی هەموو لایەكە و دادگا ئیجرائاتی یاسایی خۆی دەكات بەبێ گوێدانە پلە و پایەی لایەنەكانی داوا.
سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی