742 کوردستان

76 کورسی پێگەی ئەو هێزانەیە تائێستا بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە

10:37 - 28/07/2021

زەمەن_پشتیوان جەمال

لە كاتێكدا كۆمسیۆن سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ژمارەی ئەو هێزانەی بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن زیاتر بووە، ئێستا بە قورسایی 76 كورسی ئەم خولە بایكۆت كراوە.

 

تائێستا چه‌ندین هێزی پەرلەمانی عێراق پاشەکشەی خۆیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە راگەیاندووە، كه‌ گرنگترینیان؛ سەدرییەکان (٥۳) کورسی، حیزبی شیوعی (۲) کورسی، بەرەی ساڵح موتڵەگ (٤) کورسی، یٔەیاد عەلاویش (۱۷) کورسی.

 

سەلیم شوشکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی عێراق بە "زەمەن"ی راگەیاند، بەتەنها پاشەکشەی سەدر بەسە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، چونکە زیاتر لە ٥٠ کورسی هەیە و پەشیمانبوونەوەشی ئەوەیە حکومەتێکی سەدری بۆ عێراق دەوێت و دەیویست لە هەڵبژاردندا زۆرینەی پەرلەمان پێکبهێنێت، بەڵام پێیوایە ئەو ئەگەرە لاوازە و ئێستاش زۆربەی جومگەکانی حکومەت لای سەدرە و پێیوایە بەم شێوەیە بمێنێتەوە باشترە.

وەک شوشکەیی باسیکرد، فشاری سەدر بەم پاشەکشەیە سەرناگرێت، چونکە وڵاتانی هەرێمایەتیش سەدریان ناوێت و ناشیانەوێت شەڕی شیعی_ شیعی دروست بێت، بۆیە گومان دەکرێت نزیکەی سێ مانگی هەڵبژاردن دوابکەوێت، بەڵام ئەگەر ئەمجارەش هەڵبژاردن دوابخرێت ئەوا جارێکی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نادرێت.

پاشەكشەی ئەو هێزانە هاوكاتە لەگەڵ پێداگرییەكانی كۆمسیۆن و حكومەتی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، تەنانەت هەڵبژاردن یەكێك بوو لەو تەوەرانەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆكی ئەمریكا گفتوگۆی لەسەر كرد، لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن.

ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، كە چەند ساڵێكە چاودێری هەڵبژاردنەكان دەكەن، بە "زەمەن"ی راگەیاند، ئەوەی تایٔێستا هەیە کۆمسیۆن بەردەوامە لە ئامادەکاری هەڵبژاردن و دوای گەڕانەوەی کازمیش لە ئەمەریکا زیاتر پێداگیری بۆ هەڵبژاردن دەکات، رەنگە هێزەکانی نزیک لە ئێرانیش پاشەکشە  بکەن.

 

بەوتەی ئارام جەمال لایەنی خراپی کشانەوەی سەدر ئەوەیە دەتوانن شەقام بجوڵێنن، بەڵام بۆ هێزەکانی دیکە کەمتر کاریگەریان هەیە.

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی ۱٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.

ئەو هێز و لایەنانەی تا ئێستا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کشاونەتەوە:

1. التیار الصدری
2. حزب التجمع الجمهوری
3. جبهە الحوار الوگنی
4. حزب المنبر العراقی
5. الحزب الشیوعی العراقی
6. فائق الشیخ علی - مستقل
7. التحالف المدنی الدیمقراگی
8. اتحاد العمل والحقوق العراقی
9. حزب الشعب
10. البیت الوگنی
11. الجبهە المدنیە العراقیە
12. الاتحاد العراقی للعمل والحقوق
13. الملتقی الوگنی للمسا‌ولە والعدالە
14. حزب المصیر الوگنی
15. تحالف الحركات المدنیە للپورە
16. تنسیقیە رسالە معتصم
17. حراك موگنی حق
18. مجلس تشرین المركزی
19. الحزب العراقی اللیبرالی
20. حزب المواگنە
21. الحراك المدنی المستقل
22. تنسیقیە بغداد
23. مستمرون
24. تجمع السلام والتقدم
25. تجمع القبە البیچا‌و

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن