دیمانە

مه‌سرور بارزانی: ئێمه‌ سواڵكه‌ر نین داوای پاره‌ له‌ به‌غدا بكه‌ین

06:11 - 10/07/2021 330 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن_هه‌رێمی كوردستان


مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ دواین چاوپێكه‌وتندا به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی دوو ساڵ به‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربونی كابینه‌كه‌یدا، قسه‌ له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك ده‌كات.

 له‌ باسی چاكسازیدا، ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی تا ئێستا حكوومه‌ت كردوویه‌تی ئه‌گه‌ر به‌ ئینسافه‌وه‌ سه‌یری بكه‌ین دوای ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو كێشه‌و گرفتانه‌ی كه‌ تووشی حكوومه‌تیش بوو، پێموایه‌ حكوومه‌ت ده‌ستكه‌وتی زۆری به‌ده‌ست هێناوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ته‌حه‌دیات زۆر بووه‌.

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، وتی: تاوەکو ئەنجامدانی ئەم دیدارەش هیچ بودجەیەک لە حکومەتی فیدراڵییەوە نەهاتووە بۆ هەرێمی کوردستان، واتە لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە تا ئێستا بە تێکڕایی ١٣ مانگ ئەو بودجەیە قەرزە لەسەر حکومەتی فیدراڵی و بۆ هەرێمی کوردستانیان نەناردووە.

وتیشی: ئێمە داوای شتێک ناکەین، ئێمە سواڵکەر نین ئێمە داوای ئەو مافە دەکەین کە بە پێی دەستوور مافی ئەو خەڵکەیە و دەبێت جێبەجێ بکرێت

چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا كراوه‌، "زه‌مه‌ن" وه‌ك خۆی بڵاویده‌كاته‌وه‌.


ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌:

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- کاتژمێر ١١ى پێشنوەڕۆژى ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى ١٠/٧/٢٠١٩ى زایینى، لە دانیشتنى ژمارە ١٣ى خولی به‌هاره‌ی ساڵی یه‌كه‌م له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان کوردستان، متمانە بە سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و جێگرەکەى و سەرجەم وەزیرانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەخشرا و  وەزیرەکان بەخشى. دواى سوێندخواردنی سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیره‌كان، هێڵه‌ گشتییه‌كانی به‌رنامه‌ى كابینه‌ی وه‌زاریی نۆیه‌م له‌لایه‌ن به‌ڕێز مەسرور بارزانى سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانەوە خوێندرایەوە.


ـ لە بەرنامەى کابینەى نۆیەمدا، "چاکسازى" وەک پرسێکى سەرەکى کارى لەسەر کراوە و حکومەتى هەرێم لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان بە خواست و ئیرادەیەکى بەهێزەوە هەنگاویان ناوە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و بەدامەزراوەییکردنی دامودەزگاکانی هەرێم و خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتی و خەڵک. لە دوو ساڵى ڕابردوو کارى جددى لەسەر پڕۆژە یاسای چاکسازیی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی و سزادانى سەرپێچیەکەران و  کەمکردنەوەى ڕۆتین و بەهەدەرنەدانى سامانى گشتى و ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى کراوە. مەسروور بارزانى سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى وەک یەکێکە لە خواستە سەرەکییەکانى خەڵکى کوردستان گوتى:


ئێمه‌ له‌ حكوومه‌ت له‌سه‌ره‌تای به‌رنامه‌ی كابینه‌کەماندا بەڵێنمان داوە کە‌ خه‌ریكی چاكسازی ده‌بین، به‌ڵام چاكسازی شتێك نییه‌ به‌ شه‌و و ڕۆژێك ته‌واو ببێت، بەڵکو پڕۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌ و‌ قه‌ت ته‌واو نابێت.

ئێمه‌ هه‌رچی بكه‌ین ده‌توانین چاكسازی بكه‌ین له‌ داهاتووشتدا ئه‌وه‌ی تا ئێستا حكوومه‌ت كردوویه‌تی ئه‌گه‌ر به‌ ئینسافه‌وه‌ سه‌یری بكه‌ین دوای ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو كێشه‌و گرفتانه‌ی كه‌ تووشی حكوومه‌تیش بوو، پێموایه‌ حكوومه‌ت ده‌ستكه‌وتی زۆری به‌ده‌ست هێناوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ته‌حه‌دیات زۆر بووه‌. یه‌كێك له‌مانه‌ش بۆ نموونه‌ ئێمه‌ هه‌ر دوای ده‌ستپێكردنی كابینه‌ تووشی قه‌یرانی كۆڕۆنا بووین و نرخی نه‌وت دابه‌زی و ئابووری دونیا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی تووشی داڕمان بوو و سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئێمه‌ توانیمان خۆمان ڕابگرین. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ بەلانى کەمەوە ئەوە بۆ ماوەى ١٣ مانگ دەچێت کە حكوومه‌تی فیدراڵی بوودجه‌ی بۆ هه‌رێم نه‌ناردووه‌.


ئێمه‌ به‌و داهاته‌ی له‌ هه‌رێم هه‌بووه‌ و به‌و هه‌موو كێشه‌ و گرفتانه‌ و به‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ش توانیومانه‌ ئیداره‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ بكه‌ین و چاكسازیشمان له‌ چه‌ندین بواردا كردووه‌ بۆ نموونه‌ له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی داهاته‌كان و ‌كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی حكوومه‌ت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دیارن و‌ حكومه‌ت توانیویه‌تی پشت ببه‌ستێت به‌و داهاتانه‌ی،‌ هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك پێویست نه‌بووه‌ كه‌ له‌ ئاست داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بێت و بەشى بودجه‌ی پێویسته‌ بۆ ئیداره‌دانی وڵات و دابه‌شكردنی مووچه‌ی نه‌كردووه‌، به‌ڵام توانیویه‌تی خۆی بگونجێنێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌به‌ر ده‌ستی بووه‌.


 ئێمه‌ به ڕێكخستنه‌وه‌ی داهاته‌كان و کۆنتڕۆڵى قەیرانەکان و ئه‌م بارودۆخه‌ی كه‌ هه‌یه‌، توانیومانه‌ ئیداره‌ی خۆمان بكه‌ین كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ئینسافه‌وه‌ سه‌یر بكه‌ین پێموایه‌ جێگه‌ی ده‌ستخۆشی هه‌موو ئه‌م براده‌رانه‌یه‌ كه‌ له‌م بواره‌ كاریان كردووه.


له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ حكومه‌ت هه‌وڵی به‌ دیجیتاڵكردنی خزمه‌تگوزاری بۆ خه‌ڵك داوە و له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ڕۆتینیات تا ئاستێکى زۆر كه‌م كراوه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ جارێكی تریش ده‌ڵێم كه‌ كۆرۆنا كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌ سه‌ر ئه‌دای حكوومه‌ت و فه‌رمانبه‌ران له‌كاتی ده‌وامكردن به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش پێموایه‌ ئه‌مه‌ش له‌به‌رچاوه‌ كه‌ ڕۆتینیات تا حه‌دێكی زۆر كه‌م كراوه‌ته‌وه‌.

له‌ هه‌مووشی گرینگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی پێشتر خه‌ڵك پێیه‌وه‌ ده‌یناڵاند و گله‌ییان ده‌كرد له‌ به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانم بڵێم تا حه‌دێكی زۆر كه‌م كراوه‌ته‌وه‌، هەرچەندە ناتوانم بڵێم به‌ ته‌واوه‌تی بنبڕ كراوه،‌ به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی زۆر كه‌م كراوه‌ته‌وه‌ و‌ به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌ هه‌وڵه‌كانی خۆمان له‌سه‌ر چاكتركردنی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌موو ڕوویێكه‌وه.


با نموونه‌یه‌كی دیارتان پێ بڵێم لەسەر کارەبا: له‌ ماوه‌ی رابردوو كارێكی زۆر لەسەر کارەبا له‌سه‌ر كرا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا دانی كاته‌كانی كاره‌با به‌ هاووڵاتیان زیاد بكه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێ جار زیادو كه‌می تێ ده‌كه‌وێت به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین به‌ پێشتر به‌و هه‌موو داتایانه‌ی كه‌ له‌به‌ر ده‌ستیش بووه‌، دە‌توانم بڵێم ئه‌و كابینه‌یه‌ زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ ئیداره‌دانی ئه‌م مه‌له‌فه‌.

 ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نموونه‌كان ته‌بعه‌ن له‌ هه‌موو بواره‌كانی تریشدا چاكسازی كراوه‌.

ـ بەندى هەشتەمى ئاستى چاکسازیی کارنامەى حکومەتى هەرێم تایبەت بوو بە چاکسازی و دادپەروەری و ڕێکخستنەوەى سیستەمی باج و هەر ئەمەش بنەما بوو بۆ پەسەندکردنى پڕۆژە یاسای چاکسازى لە ڕێکەوتى ١١/١٢/٢٠١٩ى زایینى لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە. هاووڵاتیانى کوردستان پێیان وایە کە باجیان لەسەر زیاد کراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەت پێى وایە باج تەنیا ڕێکخراوەتەوە و زیاد نەکراوە و بەم رێکخستنە و دانانی سیستەمێکی هاوسەنگی باج کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتی بێت، داهاتى نێوخۆ زیاتر لە ٥٠% زیادى کرد. مەسرور بارزانى لەبارەى ڕێکخستنەوەى باج و دادپەروەرى لە وەرگرتنى باسى لەوە کرد:


هه‌روه‌كو ئیشاره‌تت پێ كرد، دادپه‌روه‌ری بنه‌مای سه‌ره‌كی حكومڕانییەكی ته‌ندروسته.‌ ئێمه‌ له‌ حكوومه‌ت هه‌روه‌كو چه‌ندین جاریش باس كراوه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك‌ باجمان زیاد نه‌كردووه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵك، بەڵکو ئه‌و باجانه‌ی كه‌ هه‌یە به‌ یاسا ڕێكخراوەتەوە، هەرچەندە پێشتر بڕیاری له‌سه‌ر دراوه، بەڵام‌ به‌داخه‌وه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه و‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ هاتووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی یاسا و‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و باجه‌ی كه‌ مافی خه‌ڵكه، ئەم باجە بۆ حكومه‌ت ناگه‌ڕێته‌وه‌ بەڵکو حكومه‌ت كۆی ده‌كاته‌وه‌ و جارێكی تر ده‌یكاته‌وه‌ به‌ داهات و‌ ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵك و‌ له‌ مووچه‌ و خزمەتگوزاى سه‌رفی ده‌كات، له‌ پرۆژە‌كان سه‌رفی ده‌كات به‌ڵام هه‌ر بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌یه.‌ پێشتر هه‌ستمان كرد خه‌له‌لێكی تێدایه‌ ئه‌وه‌ییه‌ كه‌ زۆر له‌و باجانای به‌ یاسا ڕێكخراون و دانراون، كۆنه‌كراونه‌ته‌وه‌ و‌ له ‌به‌رژە‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی یا به‌رژە‌وه‌ندی بازرگانه‌کان بووە كه‌ خۆیان دزیوەته‌وه‌ له‌ دانی باج، بەڵام‌ ئه‌مجاره‌ حكومه‌ت هاتووه‌ ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی كه‌ به‌یاسا ڕێكخراونه‌ته‌وه ئه‌و باجانه‌ی كە‌ له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكانه‌ن ده‌بێت بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خه‌زینه‌ی حكومه‌ت تاك حكومه‌ت بتوانێت به ‌شێوه‌یه‌كی باشتر له‌ خزمه‌تی هاووڵاتیان و بۆ پرۆژیى دیکە بیخاتەوە خزمه‌ت هاوڵاتیان و به‌كاری بێنێته‌وه‌. دیسانیش ده‌یڵێمه‌وه‌، باج زیاد نه‌كراوه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ حكومه‌ت كردوویه‌تی ڕێكخستنه‌وه‌ی باج بووه‌.


ـ ئاو سەرچاوەیەکى حەیاتییە بۆ ژیان و ئێستا هەرێمى کوردستان لەبەردەم مەترسی کەمئاوییە، چ بە گرتنەوەى سەرچاوەکانى ئاو بێت لە لایەن دراوسێکانەوە و چ بە هۆى وشکەساڵییەوە بێت کە ئێستا لەناویداین. کابینەى نۆیەم لە بەندى چوارەمى ئاستى خزمەتگوزارى کارنامەکەیدا بەڵێنى دا کە کار بکرێت سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکانی سەر زەویی هەرێم بۆ بواری خواردنەوەی هاووڵاتیان و زیادکردنى بەرهەمى کشتوکاڵى و وزە.  هەر ئەوە بوو لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پرۆژە‌ی په‌ره‌پێدان و دروستکردنی نۆ بەنداوی ستراتیجی و دوو پڕۆژەی ئاودێری بە هاوبەشى لەگەڵ کەرتى تایبەت ڕاگەیێنرا لە هەر سێ پارێزگاکانى هەرێم کە بە گلدانەوەى ئاو تیایاندا، بێجگە لە بووژاندنەوەى کەرتى کشتوکاڵ و زیادکردنى سەرچاوەى ئاو، ٩٢٠.٣ مێگاوات کارەباشیان لێ بەرهەم دەهێنرێت.

با له‌سه‌ره‌تاوه‌ بڵێم هاوڕام له‌گه‌ڵ جه‌نابت كه‌ ئاو یه‌كێكه‌ یان گرنگترین سه‌رچاوه‌ی ژیانه‌ بۆ ئینسان و به‌بێ ئاو كه‌سمان ناتوانین بژین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ چه‌ندین هۆكار هه‌ن بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو له‌ كوردستاندا: زۆر له‌و سه‌رچاوه‌ ئاویانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌هاتنه‌ هه‌رێم ئێستا ڕێگه‌یان لێ گیراوه‌ و‌ ئه‌و ئاوى زۆر نه‌گاتە بەنداوەکانى وەک دووكان و ده‌ربه‌ندیخان ئه‌مه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌.‌

وشكه‌ساڵی و کەمبارانی هۆكارێكی تره‌ بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو، هەروەها مامەڵەى ناته‌ندروست له‌گه‌ڵ ئاوی ژێرزه‌وی كراوه‌ تا ئێستا و‌ ئاوێكی زۆر به‌ فیڕۆ دراوه‌.


ئه‌مانه‌ هه‌مووی هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئاوه‌ كه‌م بكات،‌ به‌ڵام چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ئێمه‌ ده‌ست به‌م ئاوه‌وه‌ بگرین و ئەمەش به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر به‌رپرسیارێتی هاوڵاتیان، هاوڵاتیان خۆیان ده‌بێت ده‌ست به‌ ئاوه‌وه‌ بگرن و زیادە‌ڕە‌وی له‌ به‌هه‌ده‌ردانی ئاو نه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ هه‌ر بۆ خۆیانه‌ چونكه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سروشتییه ‌و ئێمه‌ ناتوانین به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك زیادی بكه‌ین مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بتوانین ده‌ستی پێوه‌ بگرین و به‌ باشترین شێوه‌ سوودی لێوه‌رگرین.


 دروستكردنی به‌نداو یه‌كێكه‌ له‌و به‌رنامانه‌ ئێمه‌ کە له‌ سه‌ره‌تای كابینه‌كه‌شه‌وه‌ هه‌ستمان به‌وه‌ كردووه‌ دروستكردنی به‌نداو له‌چه‌ند ڕووێكه‌وه‌ ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر بێت: ده‌ستبه‌ئاوگرتن له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌كارهێنانه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵكی كوردستان،‌ به‌نداوه‌كان ده‌توانن ئاوی ژێرزه‌وی زیاد بكه‌ن و بشبنە ‌سه‌رچاوه‌یه‌كی باش بۆ هاندانی كشتوكاڵ و بازرگانی و پیشه‌سازی و گەشتیارى. ئه‌و به‌نداوانه‌ ده‌توانن له‌ هه‌موو سێكته‌ره‌كان‌ یارمه‌تیده‌ر بن.


 ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت ده‌یه‌وێت بیكات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به ‌زووترین كات ئه‌و به‌نداوانه‌ دروست بكرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌مان بیر نه‌چێت ئێمه‌ تووشی قه‌یرانێكی دارایی بووین و‌ خه‌ڵك هه‌مووی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه‌ مووچه‌ له‌سه‌ری مانگه‌وه‌ بدرێت، من ده‌توانم ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ حكوومه‌ت به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی داوه‌ کە به‌و بودجه‌ی به‌رده‌سته‌ مووچه‌‌ بدات. ئێمه‌ پێمان خۆشبوو مووچه‌ هه‌مووی بدرایه‌، به‌ڵام ئه‌و بودجه‌ی كه‌ به‌رده‌سته‌ به‌شی ئه‌و هه‌موو پڕۆژانه‌ ناكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بده‌ین چۆن ده‌توانین به‌باشترین شێوه‌ سوود له‌و بودجه‌ی به‌رده‌سته‌ وه‌ربگرین و چه‌ندی بۆ مووچه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و چه‌ندی بۆ پرۆژە‌كان خه‌رج بكرێت. ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش بە تەنیا نه‌وه‌ستاوین و له‌گه‌ڵ زۆر لایه‌نی بیانی و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ قسه‌مان كردووه‌، له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت قسه‌مان كردووه.‌ هه‌روه‌ك ئه‌زانن ئێمه‌ یاسایه‌كی نوێشمان تێپه‌ڕاندووه‌ ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن (PPP) كه‌ هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌به‌ینی كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی گشتی بۆ ئه‌وه‌ی سه‌یری ئه‌وجۆره‌ پرۆژە‌ ستراتیژیانه‌ بكه‌ین كه‌ چۆن بتوانین جێبه‌جێیان بكه‌ین. دروستكردنی به‌نداو له‌ سه‌رووی ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه‌یه،‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و به‌نداوانه‌ به‌ زووترین كات جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام پێویستیان به ‌پاره‌یه‌ و‌ ئێمه‌ خه‌ریكی ئه‌وه‌ین له‌گه‌ڵ وڵاتانی تر له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت ئه‌و بڕە‌ بودجه‌یەی پێویستە، دابینی بكه‌ین بۆ ده‌ستپێكردن و جێبه‌جێكردن و دروستكردنی ئه‌و به‌نداوانه‌.


ـ لەم کابینەیەدا ئاستى وەبەرهێنان لە بوارى پیشەسازى کشتوکاڵى و خۆراکى لە ڕێژەى ١.٥ـەوە بەرز کراوەتەوە بۆ رێژەى ٨% کە ئەمەش دەستکەوتێکى گەورەیە بۆ دامەزراندن و دابینکردنى ئاسایشى خۆراک لە هەرێمى کوردستان و پشتنەبەستن بە کەرتى نەوت و وزە وەک تاکە سەرچاوە و بەهێزکردنى کەرتى کشتوکاڵ و زیادکرنى بەرهەمى ناوخۆیی و ساغکردنەوە و هەناردەکردنى بۆ دەرەوەى هەرێم. لەم بارەوە مەسروور بارزانى پێى وایە کە:



ڕاستە ئێمە دەمانەوێت ئابووری خۆمان هەمەچەشن بکەین، داهاتی خۆمان هەمەجۆر بکەین، بۆ ئەوەش دەستمان کردووە بەوەی پەرە بە کەرتی کشتوکاڵی و کەرتی پیشەسازی و گەشتوگوزار بدەین، بەڵام دیسانیش دەڵێم شتەکان پێکەوە بەستراونەتەوە، ئەگەر بودجە لەبەردەست نەبێت لەوانەیە ئاسان نەبێت تۆ زوو پەرە بەو کەرتانە بدەیت، تۆزێک یارمەتی دەوێت بۆ ئەوەی بتوانن بکەونە سەر پێی خۆیان و ئیتر خۆیان ببنە سەرچاوەی داهات. سەرەڕای ئەوەش ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە، بە سوپاسیشەوە دەڵێم کەرتی تایبەت لێرەدا زۆر زۆر یارمەتیدەری حکومەت بووە و هاتووەتە پێشەوە و زۆر لەو پڕۆژانەی کە حکومەت مەبەستی بووە جێبەجێیان کردووە. ئێمە وەکو بینیوتانە چەندین جار سەردانی چەندین پارێزگای هەرێمی کوردستانمان کردووە و پڕۆژەی گەورەی خۆراکیمان دروست کردووە کە گرنگە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی بۆ هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، ئەمە یەکێكە لە بنەماکانی پێویست بۆ پەرەپێدانی ئابووری وڵات و هەروەها بۆ زامنکردنی ئاسایشی خۆراکی هاووڵاتیان. ئەم پڕۆژانە هەندێكیان لە ماوەیەکی نزیک و هەندێكیشیان لەوانەیە ماوەیەکی درێژتریان بوێت، بەڵام بەرهەمەکانیان دێنە دەست و دەیبین کە چەند سودیان دەبێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی پەرەپێدان لە کەرتی کشتوکاڵی و لە هەمان کاتیشدا بەتەماین بۆ ئەوەی کەرتی کشتوکاڵی بکرێتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ پەرەپێدان بە کەرتەکانی تریش.


نمونەیەکت پێ بڵێم: ئەگەر هەر پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی بکرێت لەوانەیە دوای ئەوە چەندین پڕۆژەی تری پیشەسازی بەدوادا بێت و بەمەش جووڵەکەکی کەرتی پیشەسازی دروست دەبێت لەگەڵ ئەوەش ئەگەر بەرهەمێکی ناخۆیی زۆرمان هەبوو جووڵەی بازرگانی دێتە پێشەوە و زیاتر لەوەی کە پێویستی هەرێم داخواز دەکات.


ئەوکات ئێمە بەدوای بازاڕی دەرەوە دەبین و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش قسەمان کردووە، لەگەڵ وەزیرە بەڕێزەکانی حکومەتی فیدراڵی قسەمان کردووە کە بازاڕی هەموو عێراق بە ڕووی جوتیاران و خەڵکی کوردستان بکەنەوە لە هەمان کاتدا سەردانی وڵاتانی دەرەوەشمان کردووە و لەگەڵ ئەوانیش قسەمان کردووە کە چۆن هەرێمی کوردستان بە مارکێتی نێودەوڵەتی ببەستینەوە، ئەگەر ئێمە توانیمان بازاڕێکی نێودەوڵەتی بۆ بەرهەمەکانمان لە ناخۆ پەیدا بکەین بێگومان ئەمە دەبێتە هۆکارێک بۆ هاندانی جوتیار تا بەرهەمەکانی خۆیان زیاتر بکەن.


ئەوەی گرنگە لای ئێمە ئەمەیە کە جوتیار ترسی ئەوەی نەبێت دوای بەرهەمهێنانی بەرهەمەکەی چۆن رەفتار بکات، حکومەت ئەو بەرپرسیاریەتییە دەگرێتە ئەستۆ و ئەو بەرهەمانەیان لێ وەردەگرێتەوە و دوای ئەوە یان دەیکات بە خۆراک و جارێكی دیکە دەیگەڕێنێتەوە بۆ بازاڕی هەرێمی کوردستان، یاخود ئەگەر زیاد لە ئاستى پێویستی هەرێمی کوردستان بوو ئەوکاتە دەتوانین بەشێوەیەکی باش و بەڕێگەی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەرهەمەکانی هەرێمی بنێرینە دەرەوە و ئەمەش دەبێتە هۆکارێکی تر بۆ زیاترکردنی داهات لە هەرێمی کورستان.


ـ یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهێزکردن و باشترکردنی پەیوەندییەکان بووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بە مەبەستى پاراستنى بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق و هەرێم و بەدیهێنانى رێککەوتنێکی هەمەلایەنەی گشتگیر. هەر ئەمەش بووە هۆى پەسەندکردنى یاساى بودجە، مەسرور بارزانى سەرەڕاى نیگەرانى خۆى لە نەناردنى ماف و شایستەداراییەکانى خەڵکى کوردستان لە لایەن حکومەتى فیدراڵى عێراقەوە، گەشبینى خۆى بۆ چارەسەرى بنەڕەتى کێشەکانى هەرێم و عێراق نەشاردەوە و گوتى:

پێویستە گەشبین بین.
دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم کە ئەم کابینەیە زیاتر لە هەموو کاتێک  شاندی ناردووە بۆ بەغدا و لەسەرەتاوە خۆم چووم و دوای ئەوە شاندی حکومەتی هەرێم چەندین جار چوونەتە بەغدا بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن هەم لەسەر بابەتی بودجە و هەم لەسەر ئەو بابەتانەی تر کە کێشەیان لەسەرە وەک ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و یان بابەتی پێشمەرگە و زۆر بابەتى تر کە ئەو شتانەن هێشتا لە دەستووردا هەن و بەداخەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون.

ئێمە دەستپێشخەری زۆرمان کردووە لە هەموو ئەو بوارانەدا و چووینەتە بەغدا و داوامان کردووە و هەموو ئامادەگییەکی هەرێمی کوردستانمان پیشان داوە و هەرچی ئەرکێکی سەر شانی هەرێمی کوردستان بووبێت ئامادەین جێبەجێی بکەین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەزانین ئەگەر ئەرکمان هەبێت مافیشمان هەیە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئێمە ئەرکەکانمان جێبەجێ کردووە، بەڵام مافەکانی خۆمان وەرنەگرتووەتەوە لە حکومەتی فیدراڵی کە مافێکی دەستووری ئەم خەڵکەیە. تاوەکو ئەنجامدانی ئەم دیدارەش هیچ بودجەیەک لە حکومەتی فیدراڵییەوە نەهاتووە بۆ هەرێمی کوردستان، واتە لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە تا ئێستا بە تێکڕایی ١٣ مانگ ئەو بودجەیە قەرزە لەسەر حکومەتی فیدراڵی و بۆ هەرێمی کوردستانیان نەناردووە.


ئێمە هەموو ژمارەکانمان لێکداوەتەوە و قسەی زۆر کراوە و تیمی تەکنیکیمان ڕۆیشتوون و گفتوگۆی زۆریان کردووە و بەراوردی ئەو داهاتەی هەرێمی کوردستان و ئەرکەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە لەگەڵ ئەو مافەی کە دەبوایە بە پێی بودجە. دوای ئەوەی کە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ پەسەند کرا ئەمانە بەراورد کراونەتەوە و دیارە کە حکومەتی فیدراڵی دەبێت چەند بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و دوای بەراوردکردنی ئەرک و مافەکانی خۆمان و تا ئێستا ئەو کارە نەکراوە.  سەرەڕای ئەوەش ئێمە بێ هیوا نین بێ ئومێد نین و بەردەوامیش لەسەر هێڵین لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران و لەگەڵ هەموو بەرپرسانی دیکەی عێراقی تا ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.


ئێمە داوای شتێک ناکەین، ئێمە سواڵکەر نین ئێمە داوای ئەو مافە دەکەین کە بە پێی دەستوور مافی ئەو خەڵکەیە و دەبێت جێبەجێ بکرێت. لە بارەی پێشمەرگە و ناوچە دابڕێنراوەکانیش  بەهەمان شێوە دەستپێشخەریمان کردووە و گوتومانە کە پێشمەرگە ئامادەیە و پێویستە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئەو شوێنانە هەماهەنگی بکرێت لە نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و هێزە شەرعییەکانی حکومەتی عێراق و لەسەر ئەمەش لە گفتوگۆداین و شاندی ئێمە دیسان سەردانی بەغدا دەکەنەوە  بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی ئاسایشی گشتی وڵاتەکەدا بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement